پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی: هەرێمی کوردستان رۆڵی کاریگەر لە پڕۆسەی چارەسەریدا دەگێڕێت

18-07-2025
پەیمان محەممەد
عەبدولڕەحیم فورات، پەرلەمانتاری ئاکپارتی
عەبدولڕەحیم فورات، پەرلەمانتاری ئاکپارتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی دەڵێت، هەرێمی کوردستان لە پرسی چەکدانانی پەکەکە و پڕۆسەی چارەسەریدا رۆڵی کاریگەر دەگێڕێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پڕۆسەی چارەسەری پێکدەهێندرێت، نزیکەی سێ مانگی دیکە راپۆرتی خۆی دەداتە پەرلەمان.
 
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 18ی تەممووزی 2025 نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان بۆ پڕۆسەی چارەسەری، لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی کۆبووەوە.
 
عەبدولڕەحیم فورات، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکێشی کرد، لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "نوێنەرانی پارتەکان بەشداربوون و لەسەر ئەوە گفتوگۆ کرا کە ئەندامانی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان بۆ پڕۆسەکە چەند کەس بن؛ هەروەها باس لەوە کرا کە پڕۆسەکە بە چی شێوەیەک بەڕێوەدەچێت."
 
بە گوتەی عەبدولڕەحیم فورات، هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ئەرکی کۆمیسیۆنەکە و چۆنێتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خراونەتە بەر باس و گوتیشی، "ویستێکی بەهێز بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە هەیە، کە ئەرکی گرنگ لە ئەستۆ دەگرێت."
 
ئیی پارتی پارتێکی بەشدار لە پەرلەمانی تورکیایە، کە دژی پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە و پڕۆسەی چارەسەرییە بەگشتی. ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی گوتی، "ئیی پارتی بەشداریی کۆمیسیۆنەکە ناکەن."
 
عەبدولڕەحیم فورات جەختی لەوە کردەوە، جگە لە زۆربەی پارتە سیاسییەکان، "75%ی رای گشتیش پاڵپشتە بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان و سەرخستنی پڕۆسەکە."
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆمیسیۆنەکە تەنیا پێشنیاز پێشکێش دەکات و لەگەڵ پارت، رێکخراو و کەسایەتییە سیاسییەکان لەبارەی چۆنێتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە کۆدەبێتەوە. پەرلەمانیش [بە پێشنیازەکانییەوە] پابەند دەبێت."
 
عەبدولڕەحیم فورات گوتیشی، پێدەچێت لە ماوەی هەفتەیەکی دیکەدا پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە یەکلایی ببێتەوە، واتە روون دەبێتەوە کە "ئەرکەکانی چی دەبن، لە چەند ئەندام پێکدێت، دەسەڵاتی چی دەبێت."
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی ئەوەشی خستەڕوو، کۆمیسیۆنەکە لە وەرزی هاویندا کار دەکات و "دواتر لە مانگی 10 یان 11دا، کاتێک پەرلەمان کرایەوە، بڕیاری خۆی دەگەیێنێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان. پەرلەمانیش ئەگەر پێویست بکات، یاسا دەردەکات."
 
یەکەم گرووپی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) 11ی ئەم مانگە لە پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند. عەبدولڕەحیم فورات دەڵێت، "هەرێمی کوردستان لە چەکدانانی پەکەکە و پڕۆسەکەدا رۆڵی کاریگەر دەگێڕێت و ئەرکێکی قورس دەکەوێتە ئەستۆی. پێمان وایە ئەم پڕۆسەیە دەرفەتێکی نوێ دەبێت بۆ ئاشتی."
 
چەکدانانی سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، 1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە