وەزیری بەرگریی تورکیا: دوای بوومەلەرزەکە زیاتر لە 10 هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە

19-02-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات 10 هەزار و 633 پەنابەری سووری بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. 
 
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی شوباتی 2023 سەردانی پارێزگای هاتای کرد و لەگەڵ یاشار گولەر، سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا لە خاڵی سفری سنوور لەگەڵ سووریا، پشکنینی وشکانی و ئاسمانی و خاڵە سنوورییەکانیان کرد.
 
خولوسی ئاکار گوتی: "هەندێک لە هێلانەکانی فیتنە و فەسادی، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە لێشاوی پەنابەران لەودیو سنوورەکانەوە هەیە. ئەم دەنگۆیانە بە تەواوی دوورن لە راستییەوە. ئێمە زانیاریمان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەرگرت و لە شوێنی رووداوەکە لێکۆڵینەوەمان کرد. بەپێچەوانەوە پێیان راگەیاندووین کە هاووڵاتییانی سووری لە تورکیاوە بۆ سووریا بە یەک ئاراستەدا تێدەپەڕن. برا سوورییەکانمان کە لە بوومەلەرزەکەدا خێزان و شوێنی نیشتەجێبوونیان لەدەستدا، بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە سەر خاکەکانیان." 
 
وەزیری بەرگری تورکیا گوتی، "دوای بوومەلەرزەکە 10 هەزار و 633 سووری بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە. بۆیە لە چوارچێوەی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، پرسی پەڕینەوە بۆ ناو وڵاتەکەمان نە لە سنوورەکانەوە نە لە دەروازە سنوورییەکانەوە نییە." 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارەی رۆژی چوارشەممە 15ـی شوبات لە میدیای تورکیا بڵاوبووەتەوە، 6 هەزار و 100 پەنابەری سووریایی لە بوومەلەرزەکەی مەڕەش گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەو پارێزگایانەی رۆژی 6ی شوبات بە بوومەلەرزەکەی مەڕەش هەژان، زۆرترین پەناخوازی سووریاییان تێدا نیشتەجێن. هەر بۆیە ژمارەی قوربانیانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا زۆرە.
 
بەگوێرەی دوایین ئامار کە پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 18ی شوباتی 2023 لەلایەن ئافاد بڵاوکراوەتەوە، لە 13یەمین رۆژی بوومەلەرزەکەی مەڕەش ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 40 هەزار و 642 کەس بەرزبووەتەوە، ئافاد پێشتر لە 17ی شوباتدا رایگەیاندبوو کە 108 هەزار و 68 کەس بەهۆی بوومەلەرزە برینداربوون. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیرەی تورکی، وێنە: Reuters

تورکیا؛ هێڵی برسێتی 32 هەزار و هێڵی هەژاری 106 هەزار لیرەی تێپەڕاند

کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا (تورک-ئیش) رایگەیاند، لە تورکیا هێڵی برسێتی بۆ خێزانێکی چوار کەسی گەیشتووەتە 32 هەزار و 792 لیرە (کە دەکاتە نزیکەی 737 دۆلار) و هێڵی هەژاریش ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد و گەیشتە 106 هەزار و 816 لیرەی تورکی، کە دەکاتە نزیکەی دوو هەزار و 405 دۆلاری ئەمریکی.