رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندێکی تورکیا لەبارەی تەندروستیی سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت: ''تاوەکو ئەم وڵاتە تامی ئاشتی نەکات، ئەویش ناڕوات و جێمان ناهێڵێت''.
یاڤوز بینگۆل، هونەرمەند و ئەکتەری تورک، رۆژی شەممە، 19ـی نیسانی 2025، لە بەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی کە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا چارەسەری تێدا وەردەگرێت، بە رووداوی گوت: ''تەنانەت لە نەخۆشخانەش، لەو شوێنەی تێیدا لەسەر جێگە کەوتووە، هەموو تورکیای یەکخست. ئەو کەسێکە ژیانی خۆی بەخشیوەتە ئاشتی''.
بینگۆل کە هاوڕێی سری سورەییا ئۆندەرە دەڵێت، هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی تورکیا نزا بۆ چاکبوونەوەی ئەو سیاسەتمەدارە دەکەن؛ ئاماژەی بەوەش کرد: ''پێم وایە هەڵدەستێتەوە سەرپێ. پەنا بە خودا، پێم وایە تا ئەم وڵاتە جوانە تامی ئاشتی نەکات و بە ئاشتی شادنەبێت، ئەو ناڕوات و جێمان ناهێڵێت''.
یاڤوز بینگۆل هونەرمەند و گۆرانیبێژی تورکە و ساڵی 1964 لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە، ئەکتەری سینەمایە و لە چەندین فیلم و زنجیرە درامادا رۆڵی گێڕاوە.
سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی، کە هاوکات ئەندامێکی شاندی ئیمرالیشە، شەوی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو و گەیێندرایە نەخۆشخانە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سری سورەییای تێیدایە گوتوویانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە.
ئێستا سری سورەییا ئۆندەر لە نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتنگڵە لە ئیستەنبووڵ. پزیشکان دەڵێن، دوای نەشتەرگەرییەکەش تەندروستیی جێگیر نییە و لەژێر چاودێریی چڕدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ