دوای 10 ساڵ ئاشکرابوو؛ سوپای تورکیا هاونیشتمانییەکی کوردیان "بەبێ تاوان" کوشتووە

20-01-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
ر‌ووداو دیجیتاڵ
 
دادگای دەستووریی تورکیا بڕیاری دا مافی هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستان پێشێلکراوە، کە 10 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە پاساوی ئەوەی "تیرۆریست"ە، کوژرا.  
 
دادگای دەستووری تورکیا رۆژی چوارشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2022، دوای تێپەربوونی 10 ساڵ بەسەر کوژرانی یوسف ئاکن، ئەو هاونیشتمانییە کوردەی لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیا تەقەی لێکرا، بڕیاری دا بەوەی مافی ئەو هاونیشتمانییە  پێشێلکراوە و پێویستە خانەوادەکەی قەرەبوو بکرێتەوە. 
 
یوسف ئاکن ـی تەمەن 38 ساڵ، کە باوکی پێنج منداڵ بوو، کاژێر 20:20 خولەکی 20ی کانوونی یەکەمی 2011 لە ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر گوندی هەیبەلی سەر بە شارۆچکەی نوسێبینی مێردین کاتێک خەریکی راکێشانی بۆری ئاو بوو لەلایەن تیمێكی تایبەتی فەرماندەیی جەندرمە لە نێو ماڵێكدا تەقەی لێکرا و کوژرا و هاونیشتمانییەکی دیکەش بە ناوی "م.ی" برینداربوو. 
 
دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو رووداوە، "م.ی"، کە لە رووداوەکەدا برینداربوو ئاماژەی بەوەدا: "کاتێک تەقەمان لێکرا لەگەڵ یوسف ئاکن خەریکی راکێشانی بۆری ئاو بووین. یوسف ئاکن ئامێرێكی کارکردنی بەدەستەوە بوو کە بۆ کونکردن بەکاردەهێنرا، سەربازەکان تەقەیان لێکردین. هەرچەندە گوتم تەقەمان لێ مەکەن، بەڵام بەردەوامبوون لە تەقەکردن". 
 
داواکاری گشتیی مێردین گوتەی لە "یە.ت.ک" وەرگرت، کە ئەفسەرێکی فەرماندەیی جەندرمە بوو و سەرپەرشتی تیمی ئۆپەراسیۆنەکەی دەکرد. ئەو ئەفسەرە ئاماژەی بەوەدا: "بە کامێرای گەرمبین تەماشامان کردن، وا تێگەیشتین ئەو ئامێرەی بەدەست یوسف ئاکنـەوەیە چەکە، بەو هۆیەوە تەقەمان لێکرد". 
 
سەربازێکیش لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، "لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دوای ئەوەی داوامان لێکردن بوەستن، تەقەمان لێکرا، ئێمەش بەرپەرچمان دانەوە". 
 
دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، داواکاری گشتیی دۆسیەی لەبارەی پێنج سەرباز کردەوە، کە یەکێکیان فەرماندەی تیمی ئۆپەراسیۆنەکە بوو.
 
دادگای مێردین بڕیاری دا بەشەو  شوێنی رووداوەکە بپشکندرێت، بەڵام دواتر دادگا لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەزبووەوە و بە پاساوی ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە هیچ هۆکارێک بۆ سزادانیان نییە، بڕیاری دا بە سزانەدانی پێنج سەرباز و ئەفسەرەکە، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی ئەو هاونیشتمانییە سڤیلە. 
 
فاتمە ئاکن، هاوژینی یوسف ئاکن لە رێگەی پارێزەکەیەوە تانەی لە بڕیارەکەی دادگا دا و سکاڵای تۆمار کرد، بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوە سکاڵاکەی رەتکردەوە.  
 
فاتمە ئاکن دۆسیەکەی گواستەوە بۆ دادگای دەستووری تورکیا. دادگای دەستووری تورکیا بڕیاریدا بەوەی مافی یوسف ئاکن پێشێلکراوە و هەریەک لە فاتمە ئاکن هاوژینی یوسف ئاکن و هاونیشتمانی "م.ی." کە لە رووداوەکەدا برینداربووە، بە بڕی 175 هەزار لیرە قەرەبووی مەعنەوی بکرێنەوە. 
 
دادگای دەستوور بڕیارەکەی ئاراستەی یەکەمین دادگای سزا قورسەکانی مێردین کردووە بۆ ئەوەی جێبەجێی بکات و داوای کردووە سەرلەنوێ ئەو دۆسیەیە بکرێتەوە و ئەو سەربازانە بدرێنە دادگا، کە لە رووداوەکەدا تێوەگلاون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە