رووداو دیجیتاڵ
گرژییەکانی نێوان ئاکپارتی و جەهەپە روو لە هەڵکشانن. سەرۆکی جەهەپە چاڵنجی ئەردۆغان دەکات و دەڵێت، "بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادەین و بەربژێریشمان دەستنیشانکردووە."
دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، لە ئیستەنبووڵ بەشداری لە سیمیناری "یاسای مۆدێرن و دادوەری بە سیاسیکراو" کرد، کە لەلایەن ناوەندی کولتووری بۆستان لە شارۆچکەی کادیکۆی بەڕێوەچوو.
ئۆزگور ئۆزەل، لە سیمینارەکە گوتارێکی پێشکەشکرد و لە باسی دانانی قەیوم بۆ دوو شارەوانی جەهەپە و دەستبەسەرکردنی سەرۆکشارەوانییەکی جەهەپە دا هێرشی کردە سەر ئاکین گورلاک، داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئیستەنبووڵ. و رایگەیاند "داردەستی گەڕۆکی سەرۆککۆماری تورکیایە."
هۆکاری ناسناوی "داردەستی گەڕۆک"-یشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هەر دادگەییکردنێک لە دژی جەهەپە کرابێت، بە فەرمانی خاوەنەکەی (مەبەستی ئەردۆغانە) دەستوەردانی لە پرۆسەکە کردووە و وازی نەهێناوە تا ئەو کاتەی بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵات کۆتایی هاتووە.
سەرۆکی جەهەپە گوتیشی: "ئەمجارەش لە دژی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و جەم ئایدن، سەرۆکی رێکخستنەکانی لاوانی جەهەپە دۆسیەی جوڵاندووە و فەرمانی بە دادوەر و دادگەکان داوە سزای قورسیان بدەن. خۆیشی راستەوخۆ سەرپەرشتی دەکات."
ئۆزگور ئۆزەل پەیامێکی ئاراستەی سەرۆککۆماری تورکیا کرد و گوتی: "کەسی سێیەم لە نێوانمان دووربخەوە، فەرموو ئەمە مەیدان، سندووقی دەنگدان بهێنە. جەهەپە ئامادەیە، من ئامادەم، رێکخستنەکانمان ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە. بەربژێریشمان دەستنیشانکردووە. میللەت تا سەر ئێسقان ناڕازییە و بۆ بچووکترین دەرفەت ئامادەیە، تەنانەت ئاکین گورلاک-یش ناتوانێت رزگارت بکات."
رۆژی 17ـی ئەم مانگە، ئۆزگور ئۆزەل دوای دەستبەسەرکردن و دوورخستنەوەی رەزا ئاکپۆلات، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی بێشیکتاش لە ئیستەنبووڵ، کە ئەمیشیان بە واژۆی ئاکین گورلاک بوو، رایگەیاند: "دەسەڵات جەنگی راگەیاندووە و ئێمەش جەنگ رادەگەیێنین. لەمەودوا بەو زمانە دەدوێم کە لێی تێدەگەن. با ئەردۆغان و دەسەڵاتی ئاکپارتی خۆیان بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات ئامادە بکەن، چونکە دەسەڵاتیان لێ وەردەگرینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ