لەسەر رووماڵکردنی خۆپێشاندانی دژی سووریا، رۆژنامەڤانێکی فەرەنسی لە ئیستەنبووڵ دەستگیرکرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی تورکیا لە شاری ئیستەنبووڵ رۆژنامەڤانێکی فەرەنسی و 9 کەسی دیکەی لە کاتی خۆپێشاندانێکدا دەستگیر کرد، کە تێیدا ناڕەزایەتی دژی هێرشەکانی حکومەتی دیمەشق بۆ سەر هێزە کوردییەکان بەڕێوەدەچوو.
 
بەپێی زانیارییەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژنامەڤانەکە ناوی "رافایل بوکاندورا"یە و بۆ چەندین دەزگەی میدیایی فەرەنسی وەک (Ouest France) و (Courrier International) کار دەکات. بوکاندورا رۆژی دووشەممە لە بەردەم بارەگای دەم پارتی لە ناوچەی (سانجاکتەپە)ـی ئیستەنبووڵ دەستگیر کراوە.
 
داواکاری بۆ ئازادکردنی دەستبەجێ
 
رێکخراوی رۆژنامەڤانانی بێ سنوور (RSF) دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەڤانەی پشتڕاست کردەوە و داوای کرد بەبێ دواکەوتن ئازاد بکرێت. ئیرۆڵ ئۆندەرئۆغڵو، نوێنەری رێکخراوەکە لە تورکیا گوتی: "داوای ئازادکردنی هاوکارەکەمان دەکەین کە هیچ شتێکی نەکردووە جگە لە ئەرکی یاسایی خۆی بۆ رووماڵکردنی خۆپێشاندانەکە." هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد کۆتایی بەم جۆرە دەستوەردانە ناڕەوایانە دژی کارمەندانی میدیا بهێنن.
 
ئەم دەستگیرکردنە دوای ئەوە هات، پۆلیس بە تووندی دەستوەردانی کرد بۆ بڵاوەپێکردنی کۆبوونەوەیەک، کە تێیدا راگەیێندراوێکی دەم پارتی خوێندرایەوە و داوای "راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان" و پاراستنی سڤیلەکانی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکرد.
 
هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا کە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر دەستیپێکرد، بووەتە هۆی کشانەوەی هەسەدە لە حەلەب و دواتر پێشڕەویی سوپا بۆ ناوچەکانی رەققە و دێرەزوور، کە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ لە ژێر کۆنترۆڵی کورددا بوون. ئەنقەرە ئەم هێرشانەی وەک "شەڕی دژی تیرۆر" وەسف کردووە، بەڵام ئەمە بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی تووندی کوردانی باکووری کوردستان کە نزیکەی پێنج یەکی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن.
 
ئەم هەڵکشانانە لە کاتێکدان، هەر ئەمرۆ رۆژی سێشەممە 20-01-2026، هەسەدە رایگەیاند کە پێنج هێرشی سوپای سووریایان لە باشووری کۆبانێ تێکشکاندووە. هاوکات بارودۆخی زیندانەکانی داعش لە رەققە و حەسەکە زۆر ئاڵۆزە و هەسەدە دیمەشق بە ئازادکردنی "هەزاران داعش" تۆمەتبار دەکات، ئەمەش مەترسیی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەودەت یەڵماز

یاریدەدەرێكی ئەردۆغان: پشتیوانی لە هەنگاوەکانی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندیی سووریا دەکەین

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، رێککەوتنی ئاگربەستی واژۆکراو لەنێوان شەرع و مەزڵووم بە "پێشهاتێکی هیوابەخش" ناودەبات و رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکات.