پەرلەمانتارێکی جەهەپە: دەوڵەتی سووریا بە بەکارهێنانی سورەتی ئەنفال کورد دەکوژێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی جەهەپە دەڵێت، لە سووریا بابەتی گوتارێکی ئایینی بۆ مزگەوتەکان نێردراوە کە تێیدا سورەتی ئەنفال بۆ کوشتنی کورد جەختی لێکراوەتەوە و هێرشەکانی سەر کورد بە فتوحات ناوبراون.
 
ئینان ئاکگیون ئاڵپ، پەرلەمانتاری بازنەی قەرسی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) شەوی رابردوو لە پەرلەمانی تورکیادا گوتەیەکی لەبارەی هێرشی هێزەکانی سەر بە دیمەشق بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر پێشکێش کرد و رایگەیاند، سورەتی ئەنفال بۆ کوشتنی کورد بەکاردەهێندرێت.
 
ئاڵپ ئەو پێشهاتانە بە مایەی نیگەرانی ناوبرد؛ هەروەها دەقی گوتارێکی ئایینیی لە پەرلەمان بەرزکردەوە و گوتی، "لەگەڵ رووداوەکان، سەرۆکایەتیی کاروباری سووریا ئەم گوتارەی بۆ مزگەوتەکان ناردووە کە ئەمە نیگەرانییەکانی زیاتر کردووین. گوتارەکە بە ئایەتی نۆیەمی سورەتی ئەنفال دەستپێدەکات و هێرشەکانی سەر کورد بە فتوحات ناودەبات."
 
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە گوتی، "ئەگەر دەوڵەتی سووریا لەکاتی کوژرانی کورد دا ئاماژە بە سورەتی ئەنفال بکات، ئەمە بە هونەری سیاسەت ناژمێردرێ، بەڵکو بانگەوازی کۆمەڵکوژییە، چونکە هێشتا بیرمان نەچووە کە چۆن سەدام حوسێن لەکاتی کوشتنی کوردەکاندا ئاماژەی بە سورەتی ئەنفال دەدا. ئەگەر ئەمە لە لایەن سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی سووریا وەکو بانگەوازی فتوحات، تەکبیر و بانگەوازی جیهاد دووبارە بکرێتەوە، نیشانمان دەدا کە مەبەست لە ئۆپەراسیۆن بۆ سەر باکووری سووریا چییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە