لە نسێبین بەهۆی داگرتنی ئاڵای تورکیا 14 کەس دەستبەسەر کران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی داگرتنی ئاڵای تورکیا لە شارۆچکەی نسێبینی مێردین لەسەر سنووری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، 14 کەس دەستبەسەر کراون.
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، رۆژی چوارشەممە، 21ی کانوونی دووەمی 2026، پێش کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
تونچ رایگەیاند، "لەبارەی داگرتنی ئاڵای تورکیا لەسەر سنووری سووریا کە دوێنێ روویدا، 14 گومانلێکراو دەستبەسەر کراون".
 
وەزیر تونچ گوتی: "سەبارەت بە رووداوەکانی دوێنێ، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی مێردین و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی پێویستی دادوەری کردووە. رێکاری یاسایی بەرامبەر 390 کەس گیراوەتەبەر. بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 35 کەس دەرچووە. بڕیاری دەستبەسەرکردنیش بۆ 50 کەس دەرکراوە."
 
وەزیری داد ئاماژەی بەوەدا: "لێرەدا بە پاساوی پێکدادانەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی حکومەت لەگەڵ چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی هەسەدە و یەپەگە، لە شوێنە جیاوازەکانی وڵاتەکەمان هەندێک جووڵەی وروژێنەر ئەنجام دراون و دادگاییکردنی پێویستی یاسایییان لەبارەوە دەکرێت و بەردەوامیش دەبێت. بەتایبەتی لەبارەی رووداوی داگرتنی ئاڵاکەوە 14 کەس دەستبەسەر کراون. پرۆسەی دەستبەسەرکردنیش بەردەوامە."
 
رۆژی سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لەسەر سنووری قامشلۆ ئەنجامدا. 
 
کاتێک هاونیشتمانییان ویستیان بەرەو سنوور بڕۆن، پۆلیس رێگری لێکردن و ئاڵۆزی دروست بوو. چەند کەسێک ئاڵای تورکیایان لەسەر ستوونێک داگرت؛ دواتریش ئاڵای کوردستان لە شوێنەکەی بەرزکرایەوە.
 
دەم پارتی سەرکۆنەی دابەزاندنی ئاڵای تورکیای کرد و وەزیری ناوخۆی تورکیاش رایگەیاند دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە