سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: پێویستە هەسەدە جێگەی خۆی لە سووریای نوێدا بکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ هەسەدە رەخساوە کە ببێتە بەشێک لە پرۆسەی دیموکراسیی سووریا و دەڵێت، "پێویستە هەسەدە ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و جێگەی خۆی لە سووریای نوێدا بگرێت."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، باسی لە دوایین پێشهاتەکانی سووریا و رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.
 
کورتوڵموش، ئاماژەی بەوەدا شەڕی ناوخۆی سووریا کە زیاتر لە 11 ساڵ بەردەوام بوو کۆتایی هاتووە. گوتی، "گەلی سووریا ئازار و باجێکی زۆر گەورەی دا. وەک دراوسێ، ئێمەش وەک تورکیا لە پلەی یەکەمدا بەهۆی پێشهات و ناسەقامگیرییەکانی سووریاوە زیانمان بەرکەوت. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش، لە یەکەم ساتەوە ئامانجی سەرەکیی ئێمە وەک تورکیا، دڵنیابوون بووە لە دروستبوونی ئیدارەیەکی سەقامگیر لە سووریا." 
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سێ پێشنیازی سەرەکیی بۆ هەموو لایەنەکان خستەڕوو: "یەکەم، هەموو گرووپە چەکدارەکان لەژێر ئیدارەی نوێی سووریا ئیدارەی شەرع، کۆببنەوە و چیدی سووریا نەبێتە بەهەشتی رێکخراوە تیرۆریستییەکان. دووەم، دڵنیابوون لەوەی کە هەموو جیاوازییە ئیتنیکی، مەزهەبی و ئایینییەکان لە سووریا بتوانن بە ئازادی پێکەوە بژین و ئەم جیاوازییانە وەک دەوڵەمەندییەک سەیر بکرێن. سێیەم، بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت کە بە تەواوی لەنێوچوون." 
 
کورتوڵموش، هیوای خواست رێککەوتنێکی تەواو لەنێوان ئیدارەی شەرع و هەسەدە واژۆ بکرێت و گوتی، "بە واژۆکردنی رێککەوتنەکە، لانیکەم لە رووی هەسەدەوە کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئێمە هەیە، ئەم هەڕەشە و مەترسییە بۆ سەر سووریا نامێنێت." 
 
ناوبراو دەرفەتی بەشداریکردنی هەسەدەی لە پرۆسەی سیاسیی سووریای نوێدا بە "دەرفەتێکی مێژوویی" ناوبرد و گوتی، "بە گرووپێک گوتراوە کە ساڵانێکە لە شاخ و دۆڵەکاندا خەریکی خەباتی چەکدارییە، وەرن ببنە بەشێک لە پرۆسە دیموکراسییەکانی سووریا. لە سیاسەت، پەرلەمان، داڕشتنەوەی دەستووری نوێ و سوپادا جێگە بگرن و وەک بەشێکی سیاسیی وڵات، نەک وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی جوداخواز، جێگەی خۆتان لە سووریای نوێدا بگرن. ئەمە پێشنیاز و دەرفەتێکی مێژووییە." 
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رەتیکردەوە تورکیا "یاریی دوولایەنە" بکات و جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە خوازیاری سووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیرە کە هەموو پێکهاتەکانی تێیدا نوێنەرایەتی بکرێن و هیچ رێکخراوێکی "تیرۆریستی" وەک داعش، هەسەدە و یەپەگەی تێدا نەمێنێت.
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە "تورکیا چاوی لە خاکی سووریایە"، کورتوڵموش گوتی، "تورکیا چاوی لە یەک بست خاکی هیچ وڵاتێک نییە. بەڵام تورکیا لە هەموو جیهان دۆستی هەیە. چاومان لە یەک گرام زێڕ و یەک بەرمیل نەوتی کەس نییە، بەڵام خەم و کێشەی گەلانی ئەم جوگرافیا فراوانە بە کێشەی خۆمان دەزانین." 
 
سەبارەت بە ئەگەری دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە ئەگەری شکستهێنانی رێککەوتنەکە، کورتوڵموش گوتی، "رێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان حکومەتی سووریا و تورکیا هەیە. بەڵام من پێموانییە هەسەدە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەم رێککەوتنە ببێت، چونکە قبووڵکردنی لە بەرژەوەندیی خۆیەتی." 
 
راشیگەیاند، سیاسەت لەسەر بنەمای بیری ژیرانە بەڕێوەدەچێت، واتە هیچ گرووپێک، جا هەسەدە بێت یان هەر گرووپێکی دیکە، ناتوانێت بە خەیاڵ و ئامانجەکانی خۆی جیهانێک دروست بکات. ئێستا لە ناوچەکەدا کەشێکی نێودەوڵەتیی لەبار هەیە بۆ ئەوەی ئیدارەی سووریا، ئیدارە بەڕێز شەرع دایمەزراندووە، بە سەقامگیرییەوە گەشە بکات. تورکیاش وڵاتێکە کە لە یەکەم رۆژەوە پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم ئیدارە سەقامگیرەی سووریا راگەیاندووە. بۆیە دووبارەی دەکەمەوە، با هەسەدە ئەم دەرفەتەی بۆی رەخساوە بیقۆزێتەوە و لە چوارچێوەی سیستمی نێودەوڵەتی و ئەو هاوکێشە نێودەوڵەتییەی دەستی بە شێوەگرتن کردووە، جێگەی خۆی لە سووریای نوێدا بگرێت.
 
کورتوڵموش، ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ رێکخراوێکی چەکداری بە وەرگرتنی هێز لە وڵاتێکی دیکە سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. بنەما، پێکەوەبوونی گەلانی خۆیان و گەلانی ناوچەکەیە. ئەو هێزە ئیمپریالیستیانە نە تورکیان خۆشدەوێت و نە کوردیان خۆشدەوێت. رقیان لە هەموو گەلانی ئەم ناوچەیە. چاوەڕوانیی یارمەتی لە عەقڵییەتێک کە هەمووان وەک کۆیلەی خزمەتکاری خۆی دەبینێت، دۆخێکی نامرۆڤانەیە و لەگەڵ راستییەکانی ناوچەکە ناگونجێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە

باخچەلی: دەم پارتی بەرپرسی یەکەمی داگرتنی ئاڵای تورکیایە

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، دەم پارتی بەرپرسیارە لە رووداوی داگرتنی ئاڵای تورکیا لەسەر سنووری نسێبین و قامیشلۆ. باخچەلی دەڵێت، پێویستە دەم پارتی خۆی یەکلایی بکاتەوە کە "ئایا لەگەڵ سەرکردەی دامەزرێنەری پەکەکەیە یان دژ بەو دەوەستێتەوە؟".