رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هوداپار رەخنەی تووند لە پەیەدە دەگرێت و دەپرسێت، ئایا ئەو 12 هەزار گەنجە کوردەی لە رەققە و شەڕی داعش بەکوشتدان، لەپێناو چی بوو؟ هاوکات پێشوازی لە بڕیارێک دەکات بۆ داننان بە کورد وەکو پێکهاتەیەکی رەسەنی سووریا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026، حوسێن ئیمیر، سەرۆکی کاروباری دەرەوەی پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار)، لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا رایگەیاند: "پێویستە پەیەدە بۆ رای گشتی ئاشکرای بکات کە لەپێناو چیدا 12 هەزار گەنجی کوردی بەکوشت دا؟ کە بە زۆر و لەژێر ناوی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی رەققە و شەڕی دژی داعش چەکداری کردبوون؟"
سەبارەت بە رۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکە، حوسێن ئیمیر گوتی: "ئەمریکا نابێتە دۆست. ئەمریکا جگە لە بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکانی خۆی، هیچ بەهایەکی دیکەی نییە."
بە بڕوای بەرپرسەکەی هوداپار، ئامانجی ئەمریکا لابردنی ستەم نەبووە لەسەر کورد، بەڵکو "دەیەوێت داواکاریی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤی کورد وەک کارتێک بۆ بەرژەوەندییە هەرێمییەکانی خۆی بەکاربهێنێت."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی سووریا و مەرسومێکی (ئەحمەد شەرع) کە کورد وەکو پێکهاتەی رەسەن دەناسێنێت، ئیمیر بە "وەرچەرخانێکی مێژوویی" وەسفی کرد بۆ تێپەڕاندنی سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن و تواندنەوە.
سەرۆکی کاروباری دەرەوەی هودا پار گوتی: "پێویستە رەچاوی مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد لە سووریا بکرێت و ئەم مافانە بە دەستوور مسۆگەر بکرێن." هەروەها پێشنیازی کرد ناوی "کۆماری عەرەبیی سووریا" بگۆڕدرێت بۆ "کۆماری سووریا" تاوەکو ببێتە ناسنامەیەکی هاوبەش بۆ هەمووان.
حوسێن ئیمیر پشتیوانیی خۆی بۆ رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم دەربڕی و گوتی: "ئاشتیی هەمیشەیی لە سووریا بە چەک نابێت، بەڵکو بە دیالۆگ و دادپەروەری دەبێت."
ئەو دەڵێت لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و هیوادارن ئەو ئاگربەستەی راگەیێندراوە ببێتە هۆی ئارامییەکی هەمیشەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ