تورکیا
کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەری
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە، کە عێراقچی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە ئیستەنبووڵە.
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 21-06-2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران و پرسە هەرێمی و جیهانییەکانیان تاوتوێ کردووە.
ئەردۆغان رایگەیاند، تورکیا هەروەک چۆن دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بووە، بە هەمان شێوە دژی هێرشەکانی سەر لوبنان، سووریا و ئێرانیشە.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنقەرە دژی هێرشەکانی سەر ئێران هەڵوێستێکی تووندی نیشانداوە و بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی، چەندین پەیوەندیی کردووە.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد، ناوچەکە بەرگەی جەنگی دیکە ناگرێت، هەربۆیە پێویستە دەستبەجێ ئیسرائیل رابگیرێت و رێگەی چارەسەرکردنی ناکۆکییە ئەتۆمییەکان لەڕێگەی دانوستانەوەیە.
هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە هەنگاوی دیپلۆماسی لەنێوان ئێران و ئەمریکا بنرێت و تورکیاش لەمبارەیەوە ئامادەیە رۆڵ بگێڕێت.
لەکاتی دەستپێکردنی جەنگەکەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان چەندین پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان ئەنجام داوە، لە زۆربەیاندا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە نیشان داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ