رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرەی نائاسایی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەردەوامە، ئۆزگور ئۆزەل بە تێکڕای دەنگی رەها بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە.
کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 22ـەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی لە هۆڵی ناوەندی کولتووریی نازم حیکمەت لە ئەنقەرە بەست.
ئەمە 60ـەمین کۆنگرەی مێژووی پارتەکەیە، 1127 ئەندام مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیە 917 کەس دەنگیان دا. 835 دەنگ بە دروست و 82 دەنگیش بە پووچەڵ هەژمار کران.
بەپێی ئەنجامەکان، ئۆزگور ئۆزەل کە تاکە بەربژێر بوو، جارێکی دیکە بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە. ئەمە سێیەم جارە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئۆزەل بە سەرۆکی پارتەکە هەڵدەبژێردرێت.
کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارت و دەستەی باڵای دیسپلین بەردەوام دەبێت. بڕیارە هەر ئەمڕۆ کۆنگرەکە کۆتایی پێبێت.
دوای هەڵبژاردنەوەی، ئۆزگور ئۆزەل گوتارێکی پێشکێش کرد و بە تووندی رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گرت: "ئەم دەسەڵاتە مۆڵەتی لە ترەمپ وەرگرتووە. جەهەپە پیاو و رۆڵەی ئەم گەلەیە، تەیب ئەردۆغان پیاوی ترەمپە."
ئۆزەل، ئاماژەی بەوە کرد، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ 186 رۆژە "بەبێ هیچ بەڵگەیەک" دەستبەسەرە و گوتی، "ئەوەی روویدا کودەتا بوو بەسەر دەسەڵاتی داهاتوودا."
ئۆزەل راشیگەیاند، کوڕی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە نهێنی لەگەڵ ئەردۆغان لەبارەی فەلەستینەوە کۆبووەتەوە و گوتی، "ئەردۆغان هەستیاریی بۆ فەلەستین نییە، بەڵکو ناچارە لەگەڵ ترەمپدا دابنیشێت بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا. بۆ گەل سیاسەت ناکات، بەڵکو بۆ ترەمپ سیاسەت دەکات."
ئۆزگور ئۆزەل داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد، پێش کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ترەمپ، لەبەردەم باڵیۆزخانەی فەلەستین لە ئەیووب سوڵتان کۆببنەوە بۆ پاڵپشتی لە دۆزی گەلی فەلەستین و غەززە.
ئەم کۆنگرەیەی جەهەپە لە کاتێکدایە، هێشتا پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی و 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی لە دادگە دانەخراوە و رۆژی 14ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دانیشتنێکی دیکە دەکرێت.
جەهەپە
جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا. پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە. لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 رێگەی کارکردنی پێدرایەوە.
جەهەپە تائێستا 38 کۆنگرەی ئاسایی و 22 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ