رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی سووتانی هۆتێلەکەی پارێزگای بۆڵو، گەیشتە 79 کەس.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا چوارشەممە (22ـی کانوونی دووەمی 2025) ئەو ئامارە نوێیەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تیمی پسپۆڕی لێکۆڵینەوە، پشکنینی DNA بۆ تەرمەکان کردووە. لە ئەنجامی پشکنینەکەدا توانرا ناسنامەی سێ کەسی دیکەش دەستنیشان بکرێت.
وەزارەتی تەندروستیی تورکیاش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە بڵاوی کردەوە، لە کۆی 51 برینداری رووداوەکەدا، 39 کەسیان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، لە نەخۆشخانە دەرچوون. ئێستا تەنیا 12 بریندار لە نەخۆشخانەکاندا ماون، کە یەکێکیان تەندروستیی ناجێگیرە.
هەر ئەمڕۆ لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی سووتانی هۆتێلەکەی شارۆچکەی کارتاڵ کایا، لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماریی بۆڵو و بە بڕیاری لیژنەی لێکۆڵینەوە، هەریەک لە سێدات گولەنلەر، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی و کێنان جۆشکون، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بۆڵو بەوەکالەت، دەستگیرکران.
وەزیری ناوخۆی تورکیا راشیگەیاند، تیمی داواکاری گشتیی دەستی بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە کردووە و تاوەکو ئێستا 11 کەس دەستگیر کراون.
هۆتێلەکە لە ناوەندی خلیسکێنەی سەر بەفری کارتاڵکایایە، کە دەکەوێتە سەر لووتکەی چیای کۆرۆغڵو.
ئاگرەکە بەرەبەیانی رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، بە هۆکارێكی نادیار لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلە 12 نهۆمییەکە کەوتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی هۆتێلەکەی گرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ