تورکیا دڵنیایی لە ئازادی و مافی پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا دەدات

22-01-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دییجتاڵ
 
ئەنجوومەنی نیشتیمانیی تورکیا رایدەگەیێنێت، پاڵپشتیی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەن و دڵنیاییش لە پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتەکە دەدەن. 
 
سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2025، ئەنجوومەنی نیشتیمانیی وڵاتەکە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە کۆبووەوە و چەند پرسێکی نێوخۆیی و ناوچەکە تاوتوێکرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی بوونی یەپەگە لە سووریا ئاماژە بەوە کراوە، ''ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەی کە دووژمنی گەلانی برا و دۆستی ناوچەکەن، لە هەر دۆخێکدا بێت کۆتاییان پێدەهێنرێت''.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ''پاڵپشتی تەواو لە یەکپارچەیی، یەکگرتوویی و سەروەریی حکومەتی نوێی سووریا دەکرێت، هەروەها دڵنیایی لە ئازادی و مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەکانی ئەو وڵاتە دەدرێت. هەموو هەوڵێک لە پێناوی بووژانەوەی سووریا دەدرێت''.
 
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2024 گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەوکاتی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریر شامە رژێمی بەشار ئەسەدیان رووخاند. دواتر، ئەو هێزانە حکومەتێکی کاتییان تاوەکو ئاداری ئەم ساڵ لەو وڵاتە پێکهێنا.
 
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی تورکیا هەروەها جەخت لە پێویستیی بەهەمیشەییکردنی ئاگربەستی غەززە کراوەتەوە و باس لەوەشکراوە، ''دەبێت هەنگاو بنرێت لە پێناو چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین بەشێوەیەکی داپەروەرانە. جگە لەوەش یارمەتییە مرۆییەکان بەبێ بوونی هیچ بەربەستێک و بەخێرایی و بەردەوام بگەیێنرێنە گەلی فەلەستین''.
 
شەوی چوارشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2025، بە نێوەندگیریی ئەمریکا، قەتەر و میسر، رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی غەززە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی قەتەرەوە راگەیێندرا. رۆژی 19ی کانوونی دووەمی 2025، کاژێر 12:15ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر، ئاگربەستەکە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی؛ وێنەکە ئەرشیڤە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ بەرپرسانی تورکیا: دژایەتی یان ئاشتی بەرامبەر بە کورد هەڵبژێرن

کاردانەوەکان لە دانانی قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی وان و لەکارلادانی هاوسەرۆکی شارەوانییەکە بەردەوامە. هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، کاتی هاتووە ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە، "یان دژایەتیی کورد بکەن یانیش ئاشتی و دیموکراسی هەڵبژێرن".