رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کەنیسەی مار ئیلیاسی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرد و رایگەیاند، "رێگە نادەین سووریا بە دەستی رێکخراوە تیرۆریستییە بەکرێگیراوەکان راپێچی کەشێکی نوێی ناسەقامگیری بکرێت."
لە هێرشەکەی سەر کەنیسەی مار ئیلیاس لە دیمەشقی پایتەختی سووریا 13 کەس کوژران و 53 کەسی دیکەش بریندار بوون.
پەیامەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە 23ی حوزەیرانی 2025 لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتووە، "سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە قێزەونە دەکەم کە کرایە سەر کەنیسەی مار ئیلیاس لە دیمەشقی پایتەختی سووریا."
سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکان، حکومەت و گەلی سووریا کردووە و دەڵێت، "لەبەرامبەر ئەم کردە تیرۆریستییە نامەردانەیەی کرایە سەر ئارامی و ئاسایش، ئاشتیی ناوخۆیی و کولتووری پێکەوەژیانی سووریا و سەقامگیریی ناوچەکەمان، پشتیوانی لە گەل و حکومەتی سووریا دەکەین."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، "هەرگیز رێگە نادەین سووریای دراوسێ و برامان، بە دەستی رێکخراوە تیرۆریستییە بەکرێگیراوەکان راپێچی کەشێکی نوێی ناسەقامگیری بکرێت. بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا."
ئێوارەی رۆژی 22ی حوزەیران، هێرشێکی خۆکوژی کرایە سەر کەنیسەی مار ئیلیاس لە دیمەشقی پایتەختی سووریا. وەزارەتی تەندروستیی سووریا رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەکە 13 کەس کوژراون و 53 کەسی دیکە بریندار بوون.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، هێرشکارەکە سەرەتا تەقەی کردووە و دواتریش خۆی تەقاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ