رووداو دیجیتاڵ
لە پرۆگرامێکی تایبەت بە دامەزراوەی مەمور-سەن کە تایبەتە بە فەرمانبەر و رۆژی دووشەممە 23-6-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی جەنگی ئێران و ئیسرائیلی کرد.
ئەردۆغان جەختیکردەوە تورکیا یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە "زۆر بەڕوونی" هەڵوێستی دژی ئیسرائیل نیشانداوە و دەڵێت: "لەگەڵ ئیسرائیلی کۆمەڵکوژ، تەواوی کارە بازرگانییەکانمان وەستاندن و نزیکەی 9 ملیار دۆلارمان وەلا نا".
هەر لە رۆژی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە بەرپرسانی باڵای تورکیا لە پەیوەندیدان لەگەڵ وڵاتان و دەڵێن، مەبەستیان هێورکردنەوەی دۆخەکەیە.
ئەردۆغان گوتی: "لەپێناوی ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و پشتیوانانی بۆ سەر ئێران، کارەساتی گەورەتری لێ نەکەوێتەوە، لە هەوڵێکی چڕداین. ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر سەروەریی ئێران و ئاسایشی ناوچەکەمان، جا لەلایەن هەر کێ بێت، هەرگیز پەسندی ناکەین و بە ئاشکراش کاردانەوە نیشان دەدەین".
جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هیچ نیشانەیەکی جیدی بۆ دامرکانەوە بەدی ناکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کۆبوونەوە و دیدارەکان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ