رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رایگەیاند، ئەندامانی ئاکپارتی و مهھەپە لە سەردانەکەیان بۆ ئیمرالی داوا لە ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن، داوا لە هەسەدە بکات چەک دابنێت، بەڵام بە دووری دەزانێت ئۆجەلان ئەو داوایە بکات.
کۆمیسیۆنی یەکگرتووی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی، کە لە چوارچێوەی پڕۆسەی چارەسەریدا لە پەرلەمانی تورکیا دامەزراوە، رۆژی ھەینی 21ی تشرینی دووەمی 2025 کۆبووەوە بە دەنگی 32 ئەندامی کۆمیسیۆنەکە بڕیاری دا شاندێک بنێرێت بۆ ئیمرالی بە مەبەستی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان.
بڕیارە ناوی هەر یەک لە حوسێن ئایمان، یاریدەدری سەرۆکی ئاکپارتی، فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و گوڵستان کۆچیگیت، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، پێشکەشی وەزارەتی داد بکرێت، بۆ ئەوەی رێگەیان پێ بدرێت، بە نوێنەرایەتیی کۆمیسیۆنەکە سەردانی ئیمرالی بکەن.
"سەردانەکە لە لایەن میتەوە رێک دەخرێت"
رۆژنامەیەکی نزیک لە دەسەڵات، تورکیە گەزەتەسی، ئەمڕۆ بەشێک لە وردەکارییەکانی سەردانی شاندەکەی بۆ ئیمرالی ئاشکرا کردووە. بەپێی زانیارییەکان، رێکخستنی گواستنەوە، دانیشتن و ھەموو لایەنە تەکنیکییەکانی دیکەی سەردانەکە بەتەواوی لە لایەن دەزگای ھەواڵگریی تورکیا (میت)ـەوە دەبێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئەندامانی شاندەکە بە هێلیکۆپتەر دەگوازرێنەوە بۆ دوورگەی ئیمرالی. هەروەها چاوپێکەوتنی شاندەکە لەگەڵ ئۆجەلان تۆمار دەکرێت، بەڵام لە ترسی کاردانەوەی رای گشتی، بڵاوناکرێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێ ئۆجەلان لە چاوپێکەوتنی لێژنەکەدا لەسەر بانگەوازەکەی خۆی 27ی شوبات ھەڵسەنگاندنێکی گشتی بکات و پاشان چاوپێکەوتنەکە بە شێوازی پرسیار و وەڵام بەردەوام بێت. بە گوێرەی زانیارییەکان چاوەڕوان دەکرێت دوو نوێنەرەکەی ئاکپارتی و مەهەپە پرسیار لە ئۆجەلان دەکەن، ئایا بانگەوازی ئۆجەلان هەسەدەش دەگرێتەوە یان نا.
سەرچاوە ئەمنییەکان بە رۆژنامە تورکییەکەیان راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێ دوای سەردانی شاندەکە بۆ ئیمرالی، پرۆسەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سووریا خێرا بکرێت، هەروەها پێشبینی دەکەن پەکەکە زیاتر لە سنووری تورکیا دووربکەوێتەوە و لە چیای مەتینیش بکشێتەوە.
سێنان چیفتیۆرەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، رۆژی یەکشەمە 23ی تشرینی دووەمی 2025 بە رووداوی راگەیاند، "داوای سەرەکی هاوپەیمانیی کۆمار لە ئۆجەلان ئەوەیە، چەکدادانی پەکەکە لایەنەکانی دیکەش بگرێتەوە، لەوانە هەسەدە، بەڵام ئەوە داوایەکی ناڕاستە و بە بڕوای من، ئۆجەلان ئەو داوایە ناکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ