رووداو دیجیتاڵ
رهجهب تهیب ئهردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیراندا رایگهیاند بە وڵاتانی دراوسێشیانەوە، کێشەیەکی وەهایان لەگەڵ هیچ وڵاتێک نییە، کە چارەسەری نەبێت.
دوای كۆبوونهوهی كابینهی وەزیرانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 24-7-2023 بەڕێوەچوو، رهجهب تهیب ئهردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا جەختی لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە ئاستی نێودەوڵەتی کردەوە و گوتی، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا نییە، کە چارەسەر نەکرێت.
سەرۆککۆماری تورکیا بەشێکی گرنگی گوتارەکەی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئابووری تەرخانکرد. لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتان گوتی: "بە دراوسێکانیشمانەوە، هیچ کێشەیەکی وەهامان لەگەڵ هیچ وڵاتێک نییە کە چارەسەر نەکرێت."
ئەردۆغان باسی سەردانەکەی کرد بۆ وڵاتانی کەنداو و گوتی: "سەردانەکەم بۆ وڵاتانی کەنداو زۆر سەرکەوتوو و بەرهەمدار بوو. بە واژۆکردنی پێنج رێککەوتن لەگەڵ سعودیە، هاوئاهەنگیمان تازە کردەوە. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ قەتەر زۆر باشن و بڕیاریشماندا بە هاوبەشیی تازەوە بیگەینینە ئاستێکی زۆر باشتر. ئیمارات کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێمەدا 10 ملیار دۆلارە، یەکێکە لە وڵاتە گرنگ و هاوبەشە بازرگانییەکانمان لە ناوچەکەدا. لە سەردانەکەماندا 13 رێککەوتننامەمان لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆکرد، کە بایی 50.7 ملیار دۆلارە".
لەبارەی قوبرس، ئەردۆغان باسی لەوە کرد، تورکیا هەرگیز لە چارەسەرکردنی کێشەکە رای نەکردووە، هاوکات داوای لە قوبرسی باشوور و یۆنان کرد هەمان تێڕوانین و هەڵوێستیان هەبێت. هەروەها راشیگەیاند، ئەنقەرە لهپێناو گهیشتنی دوورگهی قوبرس به ئاشتەوایی ههمیشهیی و دادپهروهر، سڵ ناكاتەوە لهوهی بهرپرسیارێتیی وهربگرێت.
ئەردۆغان هەروەها لەبارەی ناکۆکییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا باسی لەوە کرد لە کۆبوونەوەکانی ناتۆدا هۆشدارییان لەبارەی دوژمنکاریی ئیسلام بە بەرپرسانی ئەوروپا داوە.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "دەمانەوێ لە بابەتەکانی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، یەکێتیی گومرگ و ڤیزەی هاووڵاتیانماندا پێشڕەوی بکەین. لەو دیدارانەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپا کردمان، بینیمان کە هیوا هەیە. دوایین بڕیاری رێپێدان بە ئەندامێتی سوێد لە ناتۆ لای پەرلەمانمانە".
ئەردۆغان لەبارەی ئابووریی وڵاتەکەی قسەیکرد و دانی بەوەدانا کە کێشە هەیە و وڵاتانی رۆژئاواشی تۆمەتبار کرد بەوەی بە هۆکاری پێشکەوتنی تورکیا لەڕووی ئابووری، سیاسی و سەربازییەوە، گەمارۆی جۆراوجۆری دەخەنە سەر. هاوکات، باسی لە بوونی کەسانێک کرد کە دەرفەتخوازن و لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرە، کاڵا گران دەکەن. رایگەیاند کە حکومەت دەستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو بابەتە کردووە.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان پەرلەمانی تورکیا کە ئێستا لە پشوودایە، بڕیارە رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکات و بابەتەکانی گرانبوونی کاڵا و نرخی سووتەمەنی تاوتوێ بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ