دەم پارتی رەخنە لە هەوڵەکانی تایبەت بە دادگەییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەگرێت

25-04-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەم پارتی سەرکۆنەی هەوڵەکانی تایبەت بە دادگەییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکات و دەڵێت، ئەو کارە پرۆسەی ئاشتی بەلاڕێدا دەبات.
 
ئەمڕۆ هەینی 25ی نیسانی 2025 سەزایی تەمەلـلی، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا سەرکۆنەی ئەو تۆمەتنامەیەی کرد، کە دوێنێ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی ئامەد دژی سەڵاحەدین دەمیرتاش پێشکێشی 18ـەمین دادگەی سزاکانی ئامەدی کرد، ئەوەش بەهۆی گوتەکانی ساڵی 2016ی، دادگەکەش تۆمەتنامەکەی پەسند کرد.
 
بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لەو کاتەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە کۆبوونەوەدا بوو، داوایەکی یاسایی دژی سەلاحەدین دەمیرتاش لە دادگەی سزا قورسەکان پەسند کرا.
 
سەزایی تەمەلـلی گوتی، "ئەم جۆرە داوا یاسایی و رەفتارانە، رووداوەکانی رابردوومان بیردەهێننەوە. بۆیە ئەم جۆرە هەڵوێستانە پرۆسەی ئاشتی بەلارێدا دەبەن. پێویستە واز لەم جۆرە هەڵوێست و رەفتارانە بهێندرێت."
 
24ی نیسانی 2025 سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی ئامەد، تۆمەتنامەیەکی پێشکێشی 18ـەمین دادگەی سزاکانی ئامەد کرد بۆ دادگەییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە.
 
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی ئامەد داوای 15 ساڵ زیندانیکردنی دەمیرتاش دەکات، ئەوە جگە لەو سزایەی تاوەکو ئێستا بەسەریدا سەپێندراوە. دادگەکەش تۆمەتنامەکەی پەسند کرد.
 
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی ئامەد نێوەڕۆکی شەش گوتاری ساڵی 2016ی سەلاحەدین دەمیرتاش (ئەو کات هاوسەرۆکی هەدەپە بوو) پێشکێش کردووە و بەوەش تۆمەتەکانی "سووکایەتی و بێڕێزیکردن بە دەوڵەت، حکومەت، سوپا، هێزە ئەمنییەکان و دادگە"، "هاندانی خەڵک بۆ دژایەتیکردنی دەوڵەت و بڵاوکردنەوەی رق و کینە"، "پەسنی تاوان و تاوانباران"، "هاندانی راستەوخۆ بۆ ئەنجامدانی تاوان" و "رێکخستنی خۆپیشاندانی نایاسایی و بەرزکردنەوەی دروشمی دژایەتیکردنی دەوڵەت" خراوەتە پاڵ دەمیرتاش.
 
دوای ئەوەی 18ـەمین دادگەی سزاکانی ئامەد تۆمەتنامەکەی پەسندکرد، بڕیاردرا رۆژی 24ـی ئەیلوولی 2025 یەکەمین دانیشتنی دادگەییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش بەڕێوەبچێت.
 
دەمیرتاش لە 4ـی کانوونی یەکەمی 2016ـەوە لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنەی تورکیا زیندانییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە