تورکیا پێشنیازێکی ئەڵمانیا لەبارەی ناوچەی ئارام رەتدەکاتەوە

26-10-2019
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا
نیشانەکردن رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
 
 رووداو - هەولێر
 
لە کەشوهەوایەکی گرژی نێوانیاندا بابەتی سووریا بە گشتی و ناوچەی ئارام بە تایبەتی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەڵمانیای لە ئەنقەرە کۆکردەوە. بەهۆی لەشکرکێشیی بۆ سەر باکووری سووریا، ئەڵمانیا فرۆشتنی چەکی بە تورکیا وەستاند کە ئەمە تووڕەیی لێدوانی تووندی هەردوولای بەدوای خۆیدا هێنا.
 
هێشتا ئەو ئاگربەستە 150 کاژێرییە تەواو نەبووە کە لە رێککەوتنی نێوان ئەنقەرە - مۆسکۆ واژۆی لەسەر کراوە، تورکیا دەیەوێ هەرچی زووە دەست بە جێبەجێکاری بۆ ناوچەی ئارام بکات. بەڵام ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا لەگەڵ ئەمەدا نین.
 
هایکۆ ماس - وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت "ئەمە پێشنیازێکی باش نییە کە یەکسەر جێبەجێکاری بکرێت، بەڵکو پێویستە سەرەتا بزانین دوای تەواوبوونی ئەو 150 کاژێرە ئاگربەستە چۆن دەبێت، هەروەها هاوکاریی مرۆیی بە چ شێوەیەک دەگەیەندرێتە ناوچەکە. ئەو خەڵکەی لە تورکیا، لوبنان و ئوردندان چۆن دەگەڕێنەوە؟ بابەتی چارەسەری سیاسی چۆن کاری لەسەر دەکرێت؟ کۆمسیۆنی نووسینەوەی دەستوور دەبێت دەست بە کارەکانی خۆی بکات. ئەمانە هەمووی پەیوەندیدارن بەوەی پەنابەران بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پێشنیازێکی بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە بەرلینەوە گەیاندە ئەنقەرە. ئەڵمانیا پێشنیاز دەکات ناوچەی ئارام لەلایەن هێزێکی نێودەوڵەتییەوە کۆنترۆڵ بکرێت نەک تەنها تورکیا. هەرچیی وەزیری دەرەوەی تورکیایە ئەمەی بە پێشنیازێکی باش دانەنا.
 
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاند "لێرەدا بابەتی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامی سەربازی، ئەمە بابەتێک نییە تورکیا بە تەنها وەڵامی بۆی هەبێت، لە هەمان کاتدا واقیعیش نییە، ئیدی لەم ناوچەیەدا رژێم هەیە کە هەڵکشاوە، رووسیا هەیە و ئەکتەرەکانی دیکە هەن. لەم ساتە بەدواوە ئێمە پێشنیازێکی لەم شێوەیە بە دروست نازانین. ئێمە پیمانوایە ئەگەر زیاتر جەخت لەسەر بابەتە مرۆییەکان کە گەڕانەوەی پەنابەرانە، هەروەها جەخت لەسەر داماڵینی ناوچەکە لە تیرۆر بکەینەوە باشتر دەبێت".
 
ئەم سەردانە لەکاتێکدابوو کە پێشتر چاوشئۆغڵو لە توویتێکدا نووسی؛ خۆشحاڵدەبن بە سەردانیی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ تورکیا، بەڵام پەنجە هەڵشەقاندن و پێدانی وانە بە تورکیا قەبووڵکراو نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە