رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سەعادەت رایگەیاند، سەبارەت بە پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا زانیاریی ناکۆکیان پێدەگات و داوای کرد، کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا سەردانی ئەو ناوچانە بکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە دۆخەکە ببینێت و رای گشتی ئاگادار بکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2026، مەحموود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت، لە ئەنقەرە لەگەڵ رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی کۆبووەوە. سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی نێوخۆ، ناوچەکە و جیهان وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
مەحموود ئاریکان، سەبارەت بە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، زانیاریی ناکۆکیان پێدەگات و پێویستە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا (کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لەمبارەیەوە بەرپرسیاریێتی هەڵبگرێت.
سەرۆکی پارتی سەعادەت گوتی: "لە سووریا پرۆسەیەکی زۆر بەئازار هەیە کە دڵی هەموومان دەسووتێنێت. سەرچاوەیەک دەڵێت کێشە نییە، بەڵام ئێمە لە لایەکی دیکەوە دەبینین منداڵ دەکوژرێن و خەڵک لە باڵکۆنەکانەوە فڕێدەدرێنە خوارەوە. پێویستیمان بە هەواڵی شەفاف هەیە. پێویستە هەموو 51 پەرلەمانتارەکەی کۆمیسیۆنەکە، ئەگەر پێویست بکات، بچنە ناوچەکە (سووریا و رۆژئاوای کوردستان). لەوێ چی روودەدات، با رای گشتی ئاگادار بکەنەوە."
ئاریکان، ئەوەشی خستەڕوو کە چارەسەری لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە و لە دەستی هێزە دەرەکییەکاندا نییە و گوتی: "پێویستییەکی بەپەلە هەیە کە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا پێکەوە کۆببنەوە. کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل دێنە نێو ئەم کارەوە، نایانەوێت چارەسەری بکەن، بەڵکو دەیانەوێت کێشەکان بەڕێوەببەن و گۆڕەپان بۆ خۆیان بکەنەوە. پێویستە لە سووریا دەستوورێکی نوێ ئامادە بکرێت و دیموکراسی پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان بە ئازادیی خۆیان بگەن."
سەرۆکی پارتی سەعادەت، هەروەها باسی لە چالاکییە مەدەنییەکانی دژی گوشارەکان کرد و گوتی: "چالاکی سرووشتیترین مافی مرۆڤە. جا چالاکیی هۆنینەوەی قژ بێت یان هەر چالاکییەکی دیکە، پێویستە مرۆڤ بە رێزەوە پێشوازییان لێ بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ