رووداو دیجیتاڵ
پزیشکەکانی سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە نوێترین روونکردنەوەیاندا رایانگەیاند، بەداخەوە مەترسی لەسەر ژیانی تادێت زیاتر دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی نیسانی 2025 پزیشکەکانی سری سورەییا ئۆندەر، بەناوی نەخۆشخانە روونکردنەوەیەکیان لەبارەی تەندروستیی سری سورەییا ئۆندەر بڵاوکردەوە. دەڵێن، لە 13یەمین رۆژی چارەسەرکردنیدا لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکەماندا، بەداخەوە مەترسییەکان لەسەر ژیانی تادێت زیاتر دەبێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "13 رۆژە لە یەکەی چاودێریی چڕدا خەوێندراوە. سەرەڕای ئەوەی نەخۆش، بە پشتبەستن بە ئامێری ECMO (ئامێری بووژاندنەوەی ترپەی دڵ) سەقامگیریی دینامیکیی خوێن دەپارێزێت، هاوکات چارەسەری وزەبەخشی بەردەوامیشی پێ دەدرێت؛ بەڵام بەداخەوە دۆخی هەستیاری دەمارەکانی خراپتر دەبن."
پزیشکەکانی روونی دەکەنەوە، لە پرسی چارەسەرکردنی ئۆندەر، لە خاڵێکی وەرچەرخان و ئاڵنگارییەکی نوێی دیکەدان، "وەڵامدانەوەی نەخۆشەکەمان بۆ چارەسەرییەکان کەم بوونەتەوە، ئاوسانی مێشکی بەردەوامە. بەداخەوە مەترسییەکانی سەر ژیانی تادێت روو لە زیادبوونە."
لە بەشی کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە ئارامگرییەوە بەردەوام دەبین لە درێژەدان بە چارەسەرییەکانمان و چاوەڕێی ئەنجامین."
سری سورەییا ئۆندەر شەوی سێشەممە 15ی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو، دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە.
نەخۆشییەکەی سری سورەیا ئۆندەر چییە؟
پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سری سورەییای تێدایە گوتوویانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە.
ئێستا سری سورەییا ئۆندەر لە نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتنگەیڵە و نەشتەرگەری بۆ کراوە و لەژێر چاودێریی چڕدایە. پزیشکەکانی پێنج رۆژیان بۆ دانابوو بۆ ئەوەی هەموو مەترسییەکان تێپەڕێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ