رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، کاردەکەن بۆ سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکە.
دوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 28-4-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکەی کرد.
ئەردۆغان رەخنەی تووندی لە حکومەتی ئیسرائیل گرت بەوەی "هێرشی بێ ئامان" دەکاتە سەر فەلەستین و گوتی: "لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا غەززە رووبەڕووی بێ بەزەییانەترین کۆمەڵکوژی بووەتەوە. هاوکات بووەتە سەکۆی تێکۆشانێکی داستانئاسا کە رووی جیهانی سپی کردووەتەوە. ئیدی دەبێت ئەوە ببینرێت کە بە رشتنی خوێنی زیاتر، کوشتنی منداڵی زیاتر، بە زیاتر برسیکردن و تینووکردن و بێ چارەسەربوونی خەڵک ناگەن بە هیچ شوێنێک".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها سەبارەت بە هەوڵ و کۆشش بۆ ئاشتی لە ناوچەکە گوتی: "پێویستە هەمووان ژیر بن و ئەو پەنجەرانە بەهەدەر نەدەن کە لەپێناوی سەقامگیری کراونەتەوە. ئێمە ئەوەمان دەوێت و هەوڵی بۆ دەدەین. ئێمە هەر چی بڵێین لەپێناوی ئارامی، ئاسایش و ئاشتی، پێکەوەژیانی خەڵکە لە ناوچەکە. پەنا بەخوا لەمەودواش درێژە بە هەوڵەکانمان لەپێناوی ئاشتی و سەقامگیری دەدەین".
ئیسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوامە و چوارشەممەی رابردوو بەرگریی شارستانیی غەززە بڵاویکردەوە، لانیکەم 11 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە کوژران. کۆی کوژراوان 51 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ