دەم پارتی: دەبێت ئەو یاسایانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی پرسی کورد، بگۆڕدرێن

28-04-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، دەبێت حکومەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی بنێت و گومانەکان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری بڕەوێنێتەوە. هەروەها دەشڵێت، ''دەبێت ئەو یاسایانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی پرسی کورد، بگۆڕدرێن''.
 
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، رۆژی دووشەممە، 28ی نیسانی 2025 لە گوتارێکیدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، ''ئەگەر ئێمە قسە لەسەر پرسێکی سەت ساڵە و شەڕێکی چل ساڵە دەکەین، دەبێت هەموو یاسایانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی پرسی کورد، چاویان پێدابخشێندرێتەوە و بگۆڕدرێن''.
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ساڵی 1978 لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دامەزرا. هەروەها ساڵی 1984 شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا دەستیپێکرد.
 
کۆچیغیت پێیوایە، تەنیا بە دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، پرۆسەی چارەسەری بەسەرکەوتوویی بە ئەنجام ناگات؛ بەڵکو دەبێت ''ئەوانەی بەهۆی پەکەکەوە لە گرتووخانەکانن، ئازاد بکرێن''.
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، هەڵگرتنی گۆشەگیریی لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ر‌ێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و دابینکردنی هەلومەرجی کارکردنی ئازاد، رۆڵی لە بەرەپێشبردنی پرۆسەکەدا دەبێت.  
 
بە بۆچوونی کۆچیغیت، گومان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری هەیە؛ باسی لەوەش کرد، دەبێت حکومەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی بۆ رەواندنەوەی ئەو گومانانە بنێت.
 
ئەو گوتانەی بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە کاتێکدان، لە 1ـی تشرینی یەکەمی پارەوە، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەوە لەلایەن تورکیا بە ''تورکیایەکی بێ تیرۆر'' و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کردووە، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە