رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی کارسازان و پیشەسازانی ناوچەی ئیجە لە پارێزگای ئیزمیر، مێرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، رەنگە دوو پارتی دیکە لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی میللەت کۆببنەوە.
لە ئاماژەیەکیدا بۆ هەردوو پارتی ئاییندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو و پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن - دێڤا بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان، مێرال ئاکشەنەر رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، رەنگە دوو پارتی تازە دامەزراو لە تورکیا، لەژێر چەتری هاوپەیمانیی میللەت کۆببنەوە.
ئاکشەنەر رایگەیاند: "پێمانوایە لە حوزەیرانی 2022دا هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت، بەهۆی ئەوەی دەسەڵات بەرگەی ئەم هەموو قەیران و ئاڵنگارییە ناگرێت. هاوپەیمانیی میللەت ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، وەک چۆن ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن لە کاتی فەرمی خۆیدا کە حوزەیرانی 2023یە. لە هەردوو ئەگەردا، ئەم دەسەڵاتە کۆتاییدێت".
ئاکشەنەر گوتی: "پلانێکی نوێی ئەم دەسەڵاتە لەئارادایە و هەوڵدەدات لە رێگەی راپرسییەکانەوە کێشە دروستبکات، کە بریتییە لە ناوهێنانی هەردوو سەرۆک شارەوانیی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە بۆ رکابەرایەتیی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا؛ هەروەها نانەوەی ئاژاوە بەوەی جگە لەم دوو کەسایەتییە، ئۆپۆزیسیۆن کەسی دیکەیان نییە بۆ بەربژێربوون بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار. بەمەش جۆرێک لە دڵەڕاوکێ دەنێنەوە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی دەنگی خۆڵەمێشی دەدەن".
سەرۆکی ئیی پارتی راشیگەیاند: "ئێمە نامانەوێ لە قۆناخی دوای ئەردۆغان، کەسی دیکە بێت و ببێتە ئەردۆغانێکی نوێ؛ ئێمە بۆ ئەوە کاردەکەین سیستمێکی بەهێزی پەرلەمانی بونیات بنێینەوە بۆ ئەوەی ئەم سیستمە سەیروسەمەرەیەی تاکەکەسی کە بەرەو دیکتاتۆرییەت هەنگاو دەنێت، سەرهەڵنەداتەوە".
هاوپەیمانیی میللەت کە هاوپەیمانی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنە، رۆژی 5ی ئایاری 2018 لەلایەن پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە، پارتی چاک - ئیی پارتی، پارتی سەعادەت - سەپە و پارتی دیموکرات - دەپە پێکهات بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار، کە لە 24ی حوزەیرانی 2018 ئەنجامدرا.
لە یەکەم تاقیکردنەوەی هاوپەیمانێتیدا، لە کۆی 600 کورسی پەرلەمان 174 کورسیان بەدەستهێنا. لە هەڵبژاردنی 2019ی شارەوانییەکانیشدا، لە کۆی 30 گەورەشارەوانی 11 گەورەترین شارەوانییان بەدەستهێنا لەوانە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ