رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، ژمارەی کەسانی بێکار لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا 65 هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا کەمیکردووە. ژمارەی بێکاری بۆ دوو ملیۆن و 807 هەزار کەس دابەزیوە.
دامەزراوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 29ی نیسانی 2025 ئاماری بێکاریی بۆ مانگی ئاداری ئەم ساڵ بڵاوکردەوە. بەگوێرەی داتاکان لە 20 ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمجارە رێژەی بیکاری بۆ خوار 8% پاشەکشەی کردووە.
لە مانگی ئاداردا بەراورد بە مانگی شوباتی ئەم ساڵ ژمارەی بێکاران 65 هەزار کەس کەمیکردووە و دابەزیوە بۆ دوو ملیۆن و 807 هەزار کەس. هەروەها رێژەی بێکاری 0.3% کەمیکردووە و لە مانگی ئاداردا گەیشتووەتە 7.9%.
هەر بەگوێرەی داتاکان، رێژەی بێکاری لەنێوان گەنجان دا بەرزبووەتەوە، بۆ کەسانی تەمەن 15 بۆ 24 ساڵ لە مانگی ئاداردا بەراورد بە مانگی پێشتر 0.1% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 15.1%؛ رێژەی بێکاری بۆ پیاوان گەیشتووەتە 6.5% و بۆ ژنان 10.6% بووە.
لە مانگی ئاداردا ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و باکووری کوردستاندا کاریان کردووە 391 هەزار کەس زیادیکردووە، بەگشتی 32 ملیۆن و 597 هەزار کەس هەلی کاریان بۆ رەخساوە.
داتاکانی ئەم دامەزراوەیە کە دامەزراوەیەکی فەرمی دەوڵەتە، لەسەر بنەمای ئەو کەسانە هەژماردەکرێت کە بە فەرمی داواکارییان بۆ کارێک پێشکەش کردووە و کاریان بۆ دابین نەکراوە. ئەو کەسانەی کە بە فەرمی داواکارییان پێشکەش نەکردووە بۆ کارێک لە ئامارەکەدا ئاماژەی پێ نادرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ