باخچەلی: نابێت تیرۆر و برا کوردەکانمان بە یەک چاو سەیربکرێن

29-04-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەڵێت، دەبێت پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. دەشڵێت، ''نابێت تیرۆر و برا کوردەکانمان بە یەک چاو سەیربکرێن''.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025 لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، نابێت بەربەست بۆ پڕۆسەی چارەسەری دروست بکرێت. باسی لەوەش کرد، ''دەبێت دەستبەجێ پەکەکە کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەکەکانی دابنێت. هیچ رێگە و بیانووی دیکەیان نەماوە''.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. پەکەکەش رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان سەرپەرشتیی کۆنگرە بکات، پابەندی بانگەوازەکە دەبن.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی شەممە، 26ـی ئەم مانگە، لە گوتارێکیدا لەبارەی سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی ئەسەنورتی ئیستەنبووڵ گوتی، ''تاکە تاوانی ئەو، داکۆکیکردنی بوو لە برایەتیی کورد و تورک''.
 
ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ رۆژی چوارشەممە، 30ـی تیشرینی یەکەمی پار، بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەر کرا و بە بڕیاری دادگە، بە هەمان تۆمەت خرایە زیندانەوە.
 
باخچەلی لەمبارەیەوە رەخنەی لە جەهەپە گرت و ئاماژەی بەوە کرد، ''تیرۆر شتێکە و برا کوردەکانمان شتێکی دیکە. ئەوەی هەردووکیان بە هەمان چاو سەیربکات، ناپاکی نیشتیمانە''.
 
سەرۆکی مەهەپە لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لە پەیوەندیی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا کرد. ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هەسەدە چەکەکانی رادەستی حکومەتی سووریا بکات، گوتیشی، ''ئەمە بۆ ئاشتی و داهاتووی ناوچەکە زۆر گرنگە''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە