تورکیا
کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی راگەیاند، حکومەتەکەی پابەندە بە دەستووری وڵاتەکەیەوە و دەستووریش رێگەنادات عێراق ببێتە شوێنێک بۆ هێرشکردنەسەر دراوسێکانی. عەلی خامنەییش بە محەممەد شیاع سوودانی گوتووە، هەندێک ناوچەی عێراق بەکاردەهێندرێن بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران و چارەسەریش ئەوەیە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەشدا بسەپێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29-11-2022، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی سوپاسی ئێرانی کردووە "بۆ پشتگیریکردن و پاڵپشتیکردنی عێراق لە جەنگی دژی تیرۆر. هەروەها جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی ئەو هەوڵە هاوبەشانە کردووەتەوە بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر و پەڕگیری و ماددە هۆشبەرەکان هەن".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندیی دوو قۆڵیی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان داوە و گوتوویەتی، حکومەتی عێراق پابەندە بە دەستووری وڵاتەکەوە و ئەویش رێگە نادات عێراق ببێتە پێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر دراوسێکانی.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، عەلی خامنەیی پیرۆزبایی لە محەممەد شیاع سوودانی کردووە بە بۆنەی بوون بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و گوتوویەتی: "ئاسایشی عێراق ئاسایشی کۆماری ئیسلامییە".
بەپێی هەواڵی میدیای فەرمیی ئێرانیش، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران داوایکردووە رێگە نەدرێت خاکی عێراق بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران بەکاربهێندرێت و رایگەیاندووە، هەندێک ناوچەی عێراق بەکاردەهێندرێت بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران و چارەسەریش ئەوەیە، حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەشدا هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ