رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا پرۆسەی چارەسەری بە گرنگترین هەنگاوەکانی حکومەتی وڵاتەکەی ناودەبات و دەڵێ، پشتیوان بە خودا سەردەکەون.
لە کۆبوونەوەی راوێژکاریی ئاکپارتی کە رۆژی سێشەممە، 30-12-2025، لە پارێزگای چەولیکی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و پرۆسەی چارەسەری بە گرنگترین مژاری حکومەت ناوبرد.
جەودەت یڵماز رایگەیاند، ئاکپارتی لە نێوخۆ و دەرەوەی تورکیادا سیاسەتێکی دروست جێبەجێ دەکات: "بە سەرکردایەتییەکی بەهێزەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێین. یەکێک لە گرنگترین مژاری رۆژەڤمان تورکیای بێ تیرۆرە. بەڕێز سەرۆککۆمارمان دیدگەی سەدەی تورکیای راگەیاندووە. سەرۆککۆمارمان گوتی 'پێویستە بەرەی نێوخۆییمان بەهێز بکەین'، چونکە چەند لایەنیک هەن کە هەوڵدەدەن ئەم ناوچەیە دابەش و لاواز بکەن. ئێمە دژی ئەوان یەکێتیی نیشتمانی و پێکەوەبوونمان بەهێز دەکەین، بۆ ئەوەی نەکەوینە تەڵەوە".
جەودەت یڵماز رایگەیاند، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستپێشخەرییەکی مێژوویی کرد و هەنگاوێکی بوێرانەی نا. یڵماز گوتی، لەو باوەڕەدایە پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بگات: "هەموومان بەیەکەوە ژینگەیەک دەڕەخسێنین دوور بێت لە سێبەری چەک، پانتایی سیاسەت تێیدا فراوان بێت و وڵاتەکەمان لەنێو سیاسەتی دیموکراسیانە پێشبکەوێت".
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کارە ئاسان نییە و چەند لایەنێکیش هەن دەیانەوێ لەڕێی پشێوی و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروستەوە شکست بە پرۆسەکە بهێنن: "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر واتە تورکیایەکی زۆر بەهێز و مەزنتر، پشتیوان بە خوداتێیدا سەرکەوتوو دەبین".
جەودەت یڵماز کوژرانی سێ پۆلیسی تورکیای لە لایەن گرووپێکی گومانلێکراوی داعش بەو بابەتەوە گرێدا و گوتی: "ئایا دەتوانین بڵێین ئەو پێکهاتانە لەخۆیانەوە سەریان هەڵداوە؟ ئەوانەی حسابیان لەگەڵ وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان هەیە، ئەو پێکهاتە تیرۆریستییانە لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەهێنن".
زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە. لەو چوارچێوەیەشدا لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و یەکسانی پێکهێنراوە.
قۆناخی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکان تەواو بووە. ئێستا لەو قۆناخەدایە کە پارتەکان راپۆرتی خۆیان پێشکێشی کۆمیسیۆنەکە دەکەن.
لە دوو مانگەکەدا، ئەو راپۆرتانەی پێشنیازی چارەسەریی پارتە سیاسییەکانیان تێدایە، لەلایەن تیمی نووسینەوە تاوتوێ دەکرێن و راپۆرتی کۆتایی کە رێکخستنی یاساییش لەخۆدەگرێ، دەنووسرێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێ کۆمیسیۆنەکە لەم ماوەیەدا راپۆرتەکەی ئامادە بکات.
کۆمیسیۆنەکە کە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە پێکهێنراوە، لە پێنجی ئابدا دەستی بە کارەکانی کرد و گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان گرت، بەمەش قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهات و پێی نایە قۆناخێکی نوێ کە ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکەیە.
سەرجەم لایەنەکان راپۆرتیان پێشکێشکردووە و چاوەڕوان دەکرێ تیمێکی تایبەت راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکات و دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ