بەرایی
رۆژی 24ی حوزەیرانی 2025 دەیەمین راپۆرتی ساڵانەی ئامانجەکانی گەشەپێدانێکی بەردەوام SDG لە 190 وڵاتی جیهان بڵاوکرایەوە، کە بەپێی راپۆرتەکە تراکی پێشکەوتنی وڵاتانی جیهان بۆ بەدیهێنانی 17 ئامانجەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان تاوەکو 2030 خراوەتەڕوو، کەچی هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە کە عێراق بتوانێت یەک ئامانج لەو 17 ئامانجە بەدی بهێنێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان 17 ئامانجی هەیە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک لە هەموو جیهاندا. ئامانجەکان بریتین لە نەهێشتنی هەژاری، برسێتی و نایەکسانی. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت، بەڵام لە جێبەجێکردنی ئەم ئامانجانەدا زۆر لە دواوەیە. پێشبینی ناکرێت تا ساڵی 2030 بتوانێت هیچ کام لەو ئامانجانە بەدی بهێنێت.
عێراق بڕیاری داوە لە1ی تەممووزەوە کۆتایی بەبەکارهێنانی کاش لە دامەزراوە حکومییەکان بهێنێت، کەچی ژمارەی ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 15 ساڵییە و کارتی بانکیان هەیە، ناگاتە رێژەی سووریا و سێ بۆ چوار هێندەش لەو ژمارەیە کەمترە، کە لە ئێران و تورکیا هەیە.
سەبارەت بە هەژاری و برسێتی، دۆخی عێراق باش نییە. هەرچەندە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی نیوەی تورکیا و ئێرانە، بەڵام رێژەی هەژاریی تێیدا لەوان بەرزترە. سەرەڕای سامانی زۆر و نەبوونی سزای ئابووری، عێراق لە دابینکردنی خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانی، لە وڵاتانی دراوسێی زۆر لە دواوەترە. ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراق، نەوت و گازی زۆری هەیە (زۆر زیاتر لە تورکیا). سزای ئابووریی لەسەر نییە (وەک ئێران).
یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتوویی دەوڵەتی عێراق لە بەدیهێنانی 17 ئامانجەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، گەورەیی کەرتی گشتی و نەبوونی کەرتێکی کارای تایبەتە. بۆ نموونە لەکۆی سەروو 4 ملیۆن هێزی کاری دەوڵەت و سەروو 2.5 ملیۆن خانەنشین، بەبێ هەرێمی کوردستان، هێشتا ژمارەی ئەوانەی رۆژانە خۆراکیان دەستناکەوێت و دەکەونە پێوەری برسێتییەوە، یەک لەسەر شەشی کۆی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنن.
هەروەها لەساڵی 2013وە تاوەکو رۆژانی رابردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و کابینە جیاوازەکان، پلانی ستراتیژی و نیشتمانیان بۆ کوتاییهێنان بە برسێتی و هەژاری خستووەتەڕوو، وەک پلانی پەرەپێدانی نیشتمانی (2013-2017) پلانی پەرەپێدانی نیشتمانی (2018-2022) ستراتیژی کەمکردنەوەی هەژاری (2018-2022)، پلانی پەرەپێدانی نیشتمانی (2024-2028)، ئێستاش ئامادەکاری بۆ پلانی نیشتمانی(2025-2030)دەکرێت، کەچی هێشتا ساڵ بە ساڵ ئاراستە و بەپێی پێوەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە 2015وە ترێندەکە بەرەو باشبوون نییە.
لەم راپۆرتەدا تیشکێک دەخەینە سەر پێوەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و رەهەندە جیاوازەکانی بۆ داهاتووی عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بەڵام فۆکووسی سەرەکی لەسەر پرسەکانی هەژاری، برسێتی و خۆشگوزەرانی و پێوەرە ئابوورییەکان دەبێت، چونکە بنەمای بەدیهێنانی پیوەرەکانی دیکەیە.
داهاتووی هەژاری، برسێتی و خۆشگوزەرانی لە عێراقدا
لەچارەکی یەکەمی ئەمساڵدا دەوڵەتی فیدراڵی بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڕی 7 تریلیۆن و 247 ملیار دینار و ساڵی رابردووش بڕی 26 تریلیۆن و 692 ملیار دیناری وەک هاوکاری و چاودێری کۆمەڵایەتی دابەشکردووە، کەچی هێشتاش رۆژانە ئەوانەی بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن رێژەکەیان لە تورکیا و ئێران زیاترە.
بەپێی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانێکی بەردەوام SDG17 رێژەی ئەو کەسانەی لە عێراقدا بە هەژار دادەنرێن و رۆژانە بڕی 3.65 دۆلارییان دەستدەکەوێت، پترە لە 1 ملیۆن و 729 هەزار کەس و ژمارەی ئەوانەشی رۆژانە کەمتر لە 2.15 دۆلارییان دەستدەکەوێت دەگاتە نیو ملیۆن کەس. ئەگەریش بەپێی پێوەرەکە لێکدانەوەی رێژەی هەژاری بکەین، ئەوا عێراق رێژەکەی لەم ناوچەیەدا بەتەنیا لە سووریا باشترەو بگرە دوو هێندە و سێ هێندەی ئێران و تورکیایە.
ئێستا حکومەتی عێراق لەرێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە خەریکی رێکخستنەوەی بەشە خۆراکی مانگانەیە بەسەر دانیشتوان و بە ئەلیکترۆنیکردنی پسولەی فۆڕمی دابەشکردنی خۆراکە، مانگانەش بەشە خۆراک بەسەر هەموو عێراقییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەبێ جیاوازی سەرچاوەی داهاتی تاکەکان دابەشدەکات، کەچی بەپێی پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتاش ئەوانەی رۆژانە لە عێراق بڕی خۆراکی پێویستیان دەستناکەوێت بۆ تەندرووستییەکی باش و چالاک رێژەیان لە 2025دا 16.1%، واتە لە عێراق سەروو 7 ملیۆن و 425 هەزار کەس رۆژانە خۆراکی پێویستیان بۆ تەندرووستییەکی باش و چالاک نییە.
لە رووی پەروەردەییەوە، بەپێی دوایین سەرژمێری رێژەی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەنێوان 4-6 ساڵ لە عێراق 11.16%ی دانیشتوان پێکدەهێنن، واتە بەژمارە 5 ملیۆن و 146 هەزار و 857 منداڵن، کەچی ئەوانەی دەخرێنە بەردەم پرۆسەیەکی خوێندنی رێکخراوەوە وەک باخچەی ساوایان ژمارەیان نزیکەی 895 هەزارە.
تەندرووستییەکی باش و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دەستڕاگەیشتن یاخود ئاسان بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکانی وەک گواستنەوەی گشتی، ئاوی خاوێن، وزەی هەرزان و بنیاتنانی ژێرخانی کەرتە جیاوازەکان لەو بنەمایانەن هەم پێناسەی حکومڕانییەکی باش دەکەن و هەم دەرخەری خۆشگوزەرانی دانیشتوانن.
بەپێی پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکان هەر عێراقییەک کەمتر لە 6 ساڵ، بە بەراورد بە هەریەکە لە دانیشتوانی تورکیا و ئێران دەژین و ژمارەی ئەوانەشی بەهۆی هەوای پیسەوە ساڵانە گیان لەدەستدەدەن دوو هێندەی تورکیا و ئێرانە.
نزیکەی چەند ساڵێکە لە عێراقدا بانگەشەی بە بانکیکردنی دامەزراوە داراییەکان و رۆژانی رابردووش حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی رایگەیاند کە لە دامەزراوەکانی حکومەتدا پارەی کاش وەرناگرێت و هەمووی دەبێت بەکارتی بانکی لە تەمموزی 2025وە، بەڵام بەپێی پێوەری نەتەوەیەکگرتووەکان عێراق لەنێو وڵاتانی دراوسێدا و تەنانەت لە سووریاش نزمترین ئاست و بەجیاوازییەکی گەورە لەدوای هەر چوار وڵاتەکەوەیە، بەشێوەیەک رێژەی ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 15 ساڵەوەیە و لەکۆی دانیشتوان و کارتی بانکیان هەیە لە عێراق رێژەکە 18.6%، لە سووریا 23%، لە ئێران 90% و لە تورکیا 74.1%.
پێوەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان 17 دانەن، دەیان لایەنی جیاوازی بۆ هەریەکە لەوڵاتان بەپێی داتا بەردەستەکان هەیە، بەڵام لێرەدا بەکورتی هەندێک لەخاڵە سەرەکییەکانی هەریەکە لەو 17 ئامانجەی کە دایناوە بۆ دانیشتوانی هەریەک لە وڵاتان بەدی بێت تاوەکو 2030 لە عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا دەخەینەڕوو.

سەرچاوە: راپۆرتی ئامانجەکانی گەشەپێدانێکی بەردەوام، 24ی حوزەیران 2025.
(1) دەبێت رەچاوی ئەوە بکەین لە بەراوردی وڵاتان کە داتاکان هی هەمان ساڵ نین بۆ هەر چوار وڵاتەکە، بەڵکو لە هەندێک پێوەر داتا بەردەست نەبووە یاخود داتای ساڵی پێشووتر بەکارهاتووە.
(1) دەبێت رەچاوی ئەوە بکەین لە بەراوردی وڵاتان کە داتاکان هی هەمان ساڵ نین بۆ هەر چوار وڵاتەکە، بەڵکو لە هەندێک پێوەر داتا بەردەست نەبووە یاخود داتای ساڵی پێشووتر بەکارهاتووە.
کۆتایی
ئەم راپۆرتە رەهەندی دیکەی لەبارەی هەریەکە لەو ئامانجەوە خستووەتەڕوو بۆ هەریەکە لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بەڵام ئەم چوار تەوەرەی هەژاریی، برسێتی و خۆشگوزەرانی و پێوەرە داراییەکان لەو بنەما سەرەکییانەن بۆ گەیشتن بە بەدیهێنانی ئامانجەکانی دیکە لە پێشەوەن. هەرچەندە دەوڵەتی فیدراڵی ساڵانە پلانی ستراتیژی و نیشتمانی و تەنانەت خەرجییەکی گەورەش دەکات بۆ نەهێشتنیان و باشکردنی رەوشی ئابووری، بەڵام بەپێی داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان تاوەکو 2030 بەدی نایەت.
رەوشی دانیشتوان و ئاستی حکومڕانییەکەی ئەم چوار وڵاتەی لە خشتەکەدا هاتووە، ئاماژەیەکی روونە بەوەی کە ترێندی بەرەو باشبوون نییە و عێراق لەریزبەندییەکەدا لەنیو 190 وڵاتدا پلەی 113مینی گرتووە، واتە تۆزێک رەوشی لە سووریا باشترە، کە سووریا پلەکەی 131مین لەنیو 190 وڵاتدا.
خاڵیکی گرنگیش لێرەدا ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە، کە ئەو وڵاتانەی داتاکانیان زیاتر بەردەستە و ستراکچەری حکومرانییەکەی بەهێزە، لەهەر 17 ئامانجەکەوە نزیکترن بۆ بەدیهێنانی تاوەکو وڵاتانی لاواز و نەبوونی داتا وەکو لە کۆی داتابەیسی 190 وڵاتەکەدا هاتووەو لە داتای ئەم چوار وڵاتەشدا بە روونی دەردەکەوێت، بۆ نموونە لەنیو ئەم چوار وڵاتەدا عێراق و سووریا بەرێژەی 11% و ئێران بەرێژەی 3% و تورکیا 1% داتا بەردەست نییە، هەروەکو چۆن تورکیا لە هەر 17 رووەکەوە لەم سێ وڵاتەی دیکە باشتر بوو.
هەروەها ساڵی رابردووش لەکاتی راگەیاندنی خەڵاتەکانی نۆبڵی 2024دا، نۆبڵی ئابووری بۆ دوو مامۆستای زانکۆ و ئابووریناسی پەیمانگەی تەکنەلۆژی ماسوچوست MIT بوو، کە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا یەکێک لەو خاڵانەی دۆزییانەوە ئەوەبوو، کە ئەو وڵاتانەی دامەزراوەی بەهێزییان نییە دواکەوتوون و شکست دەهێنن.
عێراق لەنێو ئەم 17 ئامانجەدا 9 ئامانجیان ئاڵنگاری سەرەکی و 4 ئامانجیان بەربەستی گرنگ و 3 دانەشیان بەربەستی جیاوازییان دێتەڕێ بۆ بەدیهێنانی تاوەکو 2030، بەتایبەتیش ئاڕاستەی هیچکامیان بەرەو ئەوە نییە بەدیبێت.
سەرچاوە:
Sachs, J.D., Lafortune, G., Fuller, G., Iablonovski, G. (2025). Financing Sustainable Development to 2030 and Mid-Century. Sustainable Development Report 2025. Paris: SDSN, Dublin: Dublin University Press. DOI: https://doi.org/10.25546/111909
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ