هەولێر و ئەنقەرە دۆست بن یان دووژمن؟

03-12-2019
بێستون عوسمان
نیشانەکردن هەولێر ئەنقەرە
A+ A-
رۆژی 28/11/2019 سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆماری تورکیای کرد. وەکو هەموو سەردانەکانی پێشووتری سەرکردە سیاسییەکانی هەرێم، ئەم سەردانەش قسە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. بەشێکی دیاریش لەو قسە و باسانە رەخنە بوون لە سەردانەکە. کاتێک تەماشای سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا دەکەیت بەرامبەر بە هاونیشتمانیانمان لە باکووری کوردستان و هێرشی بۆ سەر رۆژاوای کوردستان، کاتێک دەمیرتاش بەناڕەوا تووند کرابێت لە زیندان و کۆماری تورکیا رۆژ نا رۆژێک هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر گوندەکانی هەرێمی کوردستان، روویەکی رەوایەتی لەو رەخنانەدا دەبینرێن کە رووبەڕووی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران دەکرێنەوە. لەگەڵ ئەوەدا، دیوی ئەودیوی مەدالیاکەش کۆمەڵێک راستیی دیکەمان پیشان دەدەن، کە ئەگەر هەردوو دیو تەماشا نەکەین ئەو چانسە لەدەست دەدەین کە تەواوی راستییەکە ببینین.
 
دەوڵەتی تورکیا لە یەکەم رۆژی دامەزراندنیەوە هەتاکوو ئەمڕۆ، سیاسەتی فەرمیی سەرکوتکردنی کورد بووە لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی خۆی. ئەم دەوڵەتە کە لەسەر بنەمای نەتەوەگەریی تورکی دامەزراوە، کوردی وەک مەترسییەک بۆ سەر دەوڵەتەکە بینیوە و بەگژ هەموو هەوڵێکدا چووەتەوە کە کورد داویەتی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، هاوکات رووبەڕووی هەموو کیانێکی کوردیش بووەتەوە کە لە ناوچەکەدا سەری هەڵدابێت، یان بەرەو بەهێزبوون چووبێت. سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی پیران و زیلان و دێرسیم لە سەرەتای سەدەی رابردوو لە نێو سنوورەکانی تورکیادا، هەوڵەکانی تورکیا بەدرێژایی نەوەتەکان هەتا 2007 – 2008 بۆ لێدان و بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان و هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا و هەڵوێستی ئەنقەرە لە کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا، هەموو نموونەی ئەو سیاسەتە دژە کوردەی تورکیان. ئەمە راستییە تاڵەکەیە. سیاسەتی حکومەتی ئێستای تورکیاش بەرامبەر بە کورد هەتا بڵێی ترسناکە. بەڵام راستییەکی دیکە هەیە کە ئەویش گرنگیی تورکیایە بۆ هەرێمی کوردستان. هەولێر هەردوو راستییەکە دەزانێت، هەربۆیە هەوڵ دەدات باڵانسێک لەو نێوەندەدا درووست بکات.
 
هەرێمی کوردستان لە سەرەتای لە دایکبوونییەوە هەوڵی داوە سیاسەتێکی ژیرانە بەرامبەر سیاسەتی فەرمیی دژە کوردی دەوڵەتی تورکیا بگرێتە بەر. سەرۆک مام جەلال ئەو سیاسەتەی بە باسکردنی یادەوەرییەکی ژیانی خۆی پوخت دەکردەوە کاتێک دەیگوت پێشمەرگەیەکی هاوڕێی بەگوێیدا چرپاندووە "مامە بە پشتی ئێمە شەڕی ئەو هەموو وڵاتە مەکە". ژیرییەکە ئەوەیە کاتێک دەورە درابوویت بە کۆمەڵێک دەوڵەت کە هەموویان سیاسەتی فەرمییان دژایەتیکردنی تۆیە، هەوڵ بدەیت هیچ نەبێت، هەڵوێستی یەکێکیان وەرچەرخێنیت لە دژایەتییەوە بۆ دۆستایەتی، یان هیچ نەبێت دەستهەڵگرتنی لە دژایەتیت. بنچینەی ئەم سیاسەتە لە ساڵی 1992 دا لەلایەن خودی مام جەلال و کاک مەسعودەوە دانرا. هەڵوێستی ئەرێنی تورگوت ئۆزال لەو کاتەدا و دواتر بێهێزبوونی تورکیا بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابووریی نێوخۆی خۆیەوە، وای کرد کە تورکیا زۆر نەیپەرژێتە سەر دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان. بەڵام هەر وەکو تارماییەک مەترسی بۆ سەر کیانی حکومەتی هەرێم درووستدەکرد.
 
کاتێکیش لە ساڵانی 2005 و 2006 دا جارێکی دیکە تورکیا خۆی کۆکردەوە و بەهێزبووەوە، بە فەرمی کەوتەوە دژایەتی هەرێمی کوردستان. لەو کاتەدا مام جەلال کە سەرۆککۆماری عێراق بوو، دەستپێشخەرییەکی کرد بۆ بنیاتنانی لێکتێگەشتنێک لەنێوان هەولێر و ئەنقەرە. قوباد تاڵەبانی لە باسی دانیشتنێکی تایبەتی نێوان مام جەلال و سەرکردەکانی تورکیادا ئەو راستییە دەگێڕێتەوە.
 
دواتر نێچیرڤان بارزانی ئەو ئەرکەی خستە سەرشانی خۆی. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە ژیرانەیەدا، هەرێمی کوردستان توانی سیاسەتی دەوڵەتێک بەرامبەر بە خۆی لە دژایەتییەوە وەرچەرخێنێت بۆ دۆستایەتی. بە واتایەکی دیکە، دۆخێکی درووستکرد کە خۆی لە شەڕی "دووژمن"ێک بپارێزێت. ئەمە لە دیپلۆماسییەتدا بە سەرکەوتن ئەژمار دەکرێت. مام جەلال وتەنی، شەڕی ئەو هەموو دەوڵەتە لە یەک کاتدا ناکرێت.
 
ئەم پەیوەندییە ئەرێنییەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە سوودی بۆ هەرێمی کوردستان ئەوە بوو کە تورکیا لەوە دەرچوو ببێت بە مەترسییەک بۆ سەر ئێمە، بۆ کوردیش بەشێوەیەکی گشتی ئەوەبوو کە زۆر جار هەرێم دەستپێشخەریی بکات بۆ هاوکاریی کورد لە باکوور و رۆژئاواش. رۆڵی هەرێم لە پرۆسەی ئاشتی باکوور و رۆیشتنی پێشمەرگە بۆ پارێزگاری لە کۆبانی، دوو نموونەی ئەو دەستپێشخەرییانەی هەرێمن کە ئەگەر هەولێر و ئەنقەرە پەیوەندیی ئەرێنییان نەبووایە، روودانیان مەحاڵ دەبوو.
 
هەر بەچەشنی هەرێم، کانتۆنەکانی رۆژئاواش هەر لە سەرەتاوە هەوڵی بنیاتنانی جۆرێک لە دۆستایەییان دا لەگەڵ ئەنقەرە. هاتوچۆکانی ساڵح موسلم بۆ تورکیا گەواهیدەرن لەسەر ئەو هەوڵانە. بەڵام بارودۆخی ناوخۆی سووریا و بەهێزی و بێ پەروایی ئەردۆغان لە حوکمدا و بوونی سوپای ئازادی سووریا لە هاوکێشەکەدا، وایانکرد ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبن. لە ئەنجامدا بینیمان بەهۆی درووستنەبوونی ئەو لێکتێگەیشتنە تورکیا بووە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر رۆژاوا.
 
ئەمڕۆ کە مەسروور بارزانی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ سەردانی تورکیا دەکات، بەردەوامی دەدات بەو سیاسەتەی کە بنچینەکانی لەلایەن خودی مام جالال و کاک مەسعودەوە دانراون و نێچیرڤان بارزانی لەماوەی سەرۆک وەزیرانیی خۆیدا بەڕێوەی بردووە. ئەگەر جیاوازییەکی هەبێت ئەوەیە کە مەسروور بارزانی دەتوانێت دەستی کراوەتر و بەهێزتر بێت بۆ تەرجومەکردنی ئەو پەیوەندییە ئەرێنییە بۆ بەرژەوەندی زیاتری هەرێم بەتایبەتی و هەموو کورد بە گشتی. هەموو کوردیش چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکات و بەتەنها ئەو هەنگاوەش دەبێتە هەوێنی رەواندنەوەی ئەو رەخنانەی لێی دەگیرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێمن عەبدوڵڵا

ریشی کوردستان کەوتووەتە دەستی تۆم باراک؟

"هەستدەکەم ئەمڕۆژانە رۆژئاوای کوردستان و ئەو کیانەی لەوێ بە خوێنی رۆڵەکانمان دروستمانکردووە مەترسییەکی گەورەی لەسەرە. بەتایبەتیش کە دیمەشق هەستدەکات بەهێز بووە و دوایین ئوڵتیماتۆم دەداتە رۆژئاوا، تورکیاش وایدەبینێ ئەمجارە دوایین دەرفەتی لەپێشە بۆ کۆتاییهێنان بەو مەترسییەی لە رۆژئاوای کوردستانەوە لەسەر سنوورەکانی هەیە بە کردەوەی سەربازیی فراوان و بە چاونووقاندنی ئیدارەی ترەمپ."