هەواڵی نوێ لەبارەی داهاتووی ئەلۆنسۆ لەگەڵ ریال مەدرید گەیشت

01-12-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای یەکسانبوونیان بەرامبەر جیرۆنا و لەدەستدانی پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگا، جارێکی دیکە یاریزانانی ریال مەدرید رووبەڕووی رەخنەی زۆر دەبنەوە و دەنگۆکانی دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆش گەرمدەبنەوە.
 
ریال مەدرید شەوی یەکشەممە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک لەگەڵ جیرۆنا یەکسانبوو، بەمەش سێیەم یاریی لەسەریەکە لە لالیگادا یانەکە یەکساندەبێت و لە 2019ـەوە یەکەمجارە ئەمە روودەدات.
 
دوای ئەم یەکسانبوونە، رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "زۆربەی یاریزانانی ریال مەدرید لە خوار ئاستی ئاسایی خۆیانەوەن، لە سێ یاریی دەرەوەی یاریگەی خۆیاندا نەیانتوانیووە ئەو متمانەیە بپارێزن کە لەسەرەتای وەرزەوە ئەلۆنسۆ دروستیکردبوو و وەکو ئەوەی بە هەڵم دروستکرابێت."
 
بەهۆی ئاستی خراپی یانەکە و ئەنجامەکانی ریال مەدرید، لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ بڵاوکرانەوە، بەڵام فێلیکس دیاز، رۆژنامەڤانی ئیسپانی دەڵێت "متمانەی چابی ئەلۆنسۆ لەنێو کارگێڕیی ریال مەدرید وەکو خۆی ماوەتەوە، ئارامگرتن لەسەر راهێنەرەکە پێویستە، بەڵام کاردانەوەی یەکلاکەرەوە پێویستە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوەکە، کە ئێستا گومانی لەسەرە و بەهۆیەوە پێشەنگی ریزبەندی لەدەستدا."
 
ریال مەدرید دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەست بە مەشق و ئامادەکارییەکانی دەکاتەوە و چوارشەممە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو یاری دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە