سۆن بە گریانەوە رۆیشتنی لە تۆتێنهام راگەیاند

02-08-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سۆن هیونگ مین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سۆن هیونگ مین، ئەستێرەی بەنێوبانگی کۆریای باشوور رۆیشتنی لە یانەی تۆتێنهام راگەیاند و ئەگەری هەیە کاروانەکەی بباتە خولی ئەمریکا.
 
سۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆریای باشوور بە چاوی پڕ فرمێسکەوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رۆیشتنی لە یانەی تۆتێنهام دوای 10 ساڵ یارییکردن لەو یانەیە راگەیاند.
 
هیونگ مین بە رۆژنامەڤانانی گوت " شتێک هەیە دەمەوێت لەگەڵ ئێوەدا بەشی بکەم، بڕیارمداوە لەم هاوینەدا لە یانەکەم بڕۆم، یانەکە بە هەموو رێزەوە هاوکارییکردووم بۆ ئەم بڕیارە، ئەمە قورسترین بڕیاری کاروانەکەمە، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە لەگەڵ تۆتێنهام هەموو شتێکم بەدەستهێناوە."
 
سۆن زیاتر قسەیکرد و گوتی "دوای 10 ساڵ، پێویستیم بە ژینگەیەکی نوێیە بۆ ئەنجامدانی ئاڵنگارییەکی نوێ، کە هاتمە ئینگلتەرا من لاو بووم، ئێستا کە دەڕۆم بوومەتە پیاو، سوپاس بۆ هەموو هاندەرانی تۆتێنهام بۆ ئەو خۆشەویستییەی پێیان بەخشیووم."
 
ئەستێرە کۆرییەکە دەڵێت "قسەم لەگەڵ بەشێکی ئەو یاریزانانە کردووە کە ماوەیەکی زۆرە لێرە بەیەکەوەین، ئەوانیش هەست بە نیگەرانی دەکەن، بەڵام رێز لە بڕیارەکەم دەگرن، ئەم هەواڵە بۆ هاوڕێکانم زۆر زەحمەتە، چونکە وەکو ماڵباتێک ماوەیەکی درێژمان بەیەکەوە بەسەربردووە، ئێمە رۆژانە پێنج تاوەکو شەش کاژێر بەیەکەوە بووین، بۆیە هەست بە نا ئومێدی دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ من دڵخۆشن."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەستێرەی تۆتێنهام گوتی "پێموایە ئەمە یەکێک لە قورسترین بڕیارەکانی ژیانی یارییکردنمە، لە ماوەی 10 ساڵ بە شانازییەوە یاریم بۆ ئەم یانەیە کرد، بەڵام لەو باوەڕەدام هەموو رۆژێک هەموو شتێکم بەخشیووەتە یانەکە، چ لە ناوەوەی یاریگە و لە دەرەوەی یاریگە، دوای بردنەوەی نازناوی یۆرۆپالیگ هەستمکرد هەموو ئەو شتانەم بەدەستهێناوە کە ئامانجم بوون، ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە بڕیارمداوە بڕۆم."
 
سۆن هیونگ مین ئاماژەی بەوە نەکرد کە کاروانی یارییکردنی دەباتە کوێ، بەڵام میدیای بەریتانیا دەڵێت "ئەستێرە کۆرییەکە نزیکە پەیوەندی بە یانەی لۆس ئانجێل ئێف سی ئەمریکییەوە بکات."
 
سۆن تەمەنی 33 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ تۆتێنهام لە هاوینی 2026 کۆتاییدێت، یاریزانەکە پێشتر لە 2015 لە یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانییەوە بەرامبەر 30 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە سپێرزەوە کردووە، لەگەڵ تۆتێنهام 454 یاریی ئەنجامداوە و 173 گۆڵی تۆمارکردووە، لە وەرزی 2021-2022 لاپچینی زێڕی لەگەڵ یانەکە لە پرێمەرلیگدا بردەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە