سۆن هیونگ مین پەیوەندی بە یانەی لۆس ئەنجلۆس ئێف سییەوە دەکات

05-08-2025
ژیار عومەر
نیشانەکردن سۆن هیونگ مین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 10 ساڵ یاریکردنی پڕ لە سەرکەوتن لەگەڵ یانەی تۆتێنهام هۆتسپێری ئینگلیزی، سۆن هیونگ-مینی ئەستێرەی ناوداری کۆریای باشوور، بڕیاریدا روو لە خولی تۆپی پێی ئەمریکا (MLS) بکات و پەیوەندی بە یانەی لۆس ئەنجلۆس ئێف سی (LAFC)ـیەوە بکات.
 
سۆنی تەمەن 33 ساڵ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ماڵئاوایی لە یانە لەندەنییەکە کرد و ئەم بڕیارەی بە "قورسترین بڕیاری ژیانی وەرزشی" خۆی ناوبرد.
 
سۆن وتی: "وەک منداڵێک گەیشتمە لەندەنی باکوور، بەڵام ئێستا وەک پیاوێکی پێگەیشتوو و شانازییەوە یانەکە جێیدەهێڵم. پێویستم بە ژینگەیەکی نوێیە بۆ ئەوەی زیاتر پاڵ بە خۆمەوە بنێم."
 
گرێبەستەکەی سۆن لەگەڵ یانەی لۆس ئەنجلۆس ئێف سی بە بەهای نزیکەی 13 ملیۆن پاوەند (17 ملیۆن دۆلار) ئەنجام دراوە، هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەکەن، نرخی گواستنەوەکە دەگاتە 26 ملیۆن دۆلار، ئەمەش دەبێتە ریکۆردێکی نوێ لە مێژووی خولی ئەمریکیدا.
 
سۆن وەک "یاریزانی دیاریکراو" (Designated Player) پەیوەندی بە یانە نوێیەکەیەوە دەکات، ئەمەش رێگە بە یانەکە دەدات مووچەیەکی زیاتر لە سنووری دیاریکراوی خولەکە بدات بە یاریزانە ئەستێرەکان.
 
سۆن هیونگ-مین لە ماوەی 10 ساڵی یاریکردنی بۆ تۆتێنهام، 172 گۆڵ و 94 ئەسیستی لە 451 یاریدا تۆمارکردووە.
 
گواستنەوەی ناوبراو بۆ خولی ئەمریکی وەک هەنگاوێکی ستراتیژی سەیر دەکرێت بۆ ئامادەکارییەکانی بۆ جامی جیهانیی 2026 کە لە ئەمریکای باکوور بەڕێوەدەچێت و ئەگەری هەیە دواین جامی جیهانیی ئەو یاریزانە بێت.
 
یاریی ماڵئاوایی سۆن لەگەڵ تۆتێنهام بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد لە سیئۆل بەڕێوەچوو، کە تێیدا بە شێوەیەکی زۆر کاریگەرانە لەلایەن هاندەران و هاوتیمەکانییەوە ماڵئاوایی لێکرا. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی وەک یاریزانی نوێی لۆس ئەنجلۆس ئێف سی بناسێنرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە