رووداو دیجیتاڵ
دوای یەکسانبوونەکەی بەرامبەر جیرۆنا، بێدەنگی باڵی بەسەر یاریزانانی ریال مەدریددا کێشا و هیچ کام لە ئەستێرەکانی تیپەکە ئامادەنەبوون لێدوان بدەن، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ تێکچوونی دۆخی نێو یانەکە. لەدەستدانی پێشەنگی لالیگا بۆ بارسێلۆنا و بوونی کێشە لە ژووری جلگۆڕین، چابی ئەلۆنسۆی خستووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، هەرچەندە هێشتا بەربژێرن بۆ رکابەری لەسەر نازناوەکان.
دوای یەکسانبوون بە گۆڵێک بەرامبەر جیرۆنا، هیچ یاریزانێکی ریال مەدرید قسەی بۆ میدیاکان نەکرد و هەمووان بە ناوچەی رۆژنامەڤاناندا تێپەڕین بێ ئەوەی لێدوان بدەن. ئەم هەڵوێستە نیشانەی گۆڕانکارییە لە یانەکەدا و ئەو کەشە ئەرێنییەی پێشتر هەبوو خەریکە لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە. ریال مەدرید راهاتووە لەسەر بردنەوە و ئاستی بەرز، بەڵام لەم دواییانەدا سێ یاریی لەسەریەک لە لالیگا یەکسانبووە و پێشەنگی ریزبەندیی بۆ بارسێلۆنا لەدەستداوە.
سەرەڕای ئەنجامەکان، دۆخەکە ئەوندە خراپیش نییە. لە 14 یاری لالیگادا، ریال مەدرید 10 بردنەوە و 3 یەکسانبوونی هەیە و تەنیا یەک یاری دۆڕاندووە. ئێستا بە 33 خاڵ لە پلەی دووەمدایە و چوار خاڵ لە دوای بارسێلۆناوەیە، بەڵام یارییەکی دواخراوی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو ماوە. لە چامپیۆنزلیگیش دۆخەکە باشە و لە 5 یاری 4 بردنەوەیان هەیە و تەنیا بەرامبەر لیڤەرپوول دۆڕاون.
کیلیان ئێمباپێ بەتۆمارکردنی 23 گۆڵ لە 19 یارییدا ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات، هەروەها ئاردا گولەر و ئەلڤارۆ کارێراس رۆڵی باش دەگێڕن و جود بێلینگهام خەریکە دەگەڕێتەوە فۆرمی ئاسایی خۆی.
پێکانەکان پلانەکانیان تێکداوە
بەشێک لە کێشەکانی ئەلۆنسۆ پەیوەندییان بە پێکانەوە هەیە. ترێنت ئەلێکساندەر ئاڕنۆڵد کە چاوەڕوان دەکرێت بەرگریکاری لای راستی داهاتووی یانەکە بێت، بەهۆی پێکانەوە کەم بەشداری کردووە. دانی کارڤاخال تاوەکو مانگی 1ـی 2025 دەگەڕێتەوە، ئەمەش وایکردووە ڤالڤێردی وەک بەرگریکار بەکاربهێنرێت. هەروەها هەریەکە لە رودیگێر، ئەلابا و دین هاوسن بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکان دابڕاون.
بەپێی میدیا ئیسپانییەکان، بەشێک لە یاریزانە گەورەکانی تیپەکە گومانیان لە شێوازی کارکردنی ئەلۆنسۆ هەیە و پەیامە تاکتیکییەکانی راهێنەر بەباشی بە یاریزانان ناگات. باس لەوە دەکرێت کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەلۆنسۆ و یاریزانەکان کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام یەکسانبوونەکەی جیرۆنا دەریدەخات کێشەکان هێشتا نیوەچڵ ماون.
هاوکات یاریزانانی وەک رۆدریگۆ و ئیندریک نیگەرانن لە کەمی خولەکەکانی یاریکردنیان. رۆدریگۆ ماوەی 30 یارییە گۆڵی نەکردووە و تەنیا 442 خولەک یاریی کردووە، ئیندریکیش ئەگەری هەیە لە مانگی یەک بە خواستن بچێتە لیۆن.
گەورەترین سەرئێشەی ئەلۆنسۆ مامەڵەکردنە لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر. ئەو یاریزانە بەرازیلییە سەرەڕای بەهرە ناوازەکەی، هەندێکجار پابەندی داواکارییە تاکتیکییەکانی راهێنەر نابێت. لە کلاسیکۆدا کاتێک گۆڕانکاری پێکرا، بەتووڕەییەوە هاواری بەسەر ئەلۆنسۆدا کرد، هەرچەندە دواتر داوای لێبووردنی کرد. پەیوەندی نێوانیان وایکردووە ڤینیسیۆس گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رابگرێت کە ساڵی 2027 کۆتایی دێت.
ریال مەدرید بەشێوەیەکی بەردەوام لە دۆخی هێرشی هەڵگەڕاوەدا Counter-attack گۆڵی لێ دەکرێت، هەمان سیناریۆ بەرامبەر جیرۆنا و ئێلچێ دووبارە بووەوە. ئەگەر ئاستبەرزیی تیبۆ کۆرتوا نەبووایە، رەنگە ئەنجامەکان خراپتر بوونایە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، چابی ئەلۆنسۆ رایگەیاندووە قسەی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز کردووە و ئەو پشتگیری لێکردووە. راهێنەرەکە دەڵێت "گفتوگۆکانمان ئەرێنی بوون و تیشکمان خستە سەر باشکردنی ئەنجامەکان". دوورخستنەوەی راهێنەرێک لەم قۆناخەدا رەنگە هەڵەیەکی گەورەبێت بۆ یانەکە، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکان باشتر نەبن، گوشارەکان لەسەر ئەلۆنسۆ زیاتر دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ