هۆشدارییەک لە ئێرانەوە بۆ هەموو ئاسیا

06-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئێران، رۆژی چوارشەممە لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیادا رووبەڕووی هەڵبژاردەی قەتەر دەبێت، عەلیرەزا جیهانبەخش، ئەستێرەی ئەو هەڵبژاردەیە هۆشداری دەداتە هەموو ئاسیا.
 
جیهانبەخش بۆ ماڵپەری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا قسەیکردووە و دەڵێت "خۆشبەختانە پێموایە نەوەی ئێستای هەڵبژاردەکەمان تێکەڵەیەک لە یاریزانان لە خۆ دەگرێت، کە بەشێکیان لەسەر ئاستی تاکەکەسی زۆر گەورەن و ئەزموونێکی گەورەیان هەیە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین."
 
ئەو یاریزانەی هەڵبژاردەی ئێران و یانەی فاینۆردی هۆڵەندی زیاتر گوتی "ئەم نەوەیەی ئێستا خەونی گەورەی هەیە، دەمانەوێت بەباشترین نەوەی تۆپی پێی ئێران دەربکەوین، ئێستا کاتی ئێمەیە و بۆ ئەوەی پێشانیبدەین کە ئێمە باشترینین."
 
هێرشبەری هەڵبژاردەی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئەزموونەکەمان لە جامی ئاسیای 2019 فێریکردین چۆن دەگەینە نازناوەکە."
 
گۆڵکارە 30 ساڵەکەی ئێران زیاتر گوتی "تۆپی پێی ئێران هەمیشە زیندووە، چونکە لە وڵاتەکەدا وەرزشی یەکەمە، پێشبینییەکانیش هەمیشە لە ئاستێکی بەرزدان، گوشارەکان لەگەڵ هەموو نەوە جیاوازەکان بەردەوامدەبن."



عەلیرەزا جیهانبەخش، یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی ئێستای هەڵبژاردەی ئێرانە، پێشتر دووجار قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کردووە، دوایینیان دوای یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی سووریا بوو و لەبارەی ئاستی عەلیرەزا بەیرانوەندە گوتی "متمانەی زۆرمان بە ئاستی ئەو گۆڵپارێزەمان هەیە و پێموایە ئەو باشترین گۆڵپارێزی ئێستای ئاسیایە."
 
هەڵبژاردەی ئێران لە نێوان 1968 تاوەکو 1976 سێجار لەسەریەک نازناوی جامی ئاسیای بەدەستهێناوە، 48 ساڵە نەچووەتە سەر ستەیجی پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکە و دەیەوێت جارێکی دیکە بەو نازناوە شادببێتەوە.
 
ئێران بە کاتێکی زۆرباشدا تێدەپەڕیت، لە 29-11-2022ـەوە 18 یارییکردووە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، کە 15 لەو یارییانە لەژێر سەرپەرشتی ئەمیر قەلعەنویی بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە