ڤیدیۆ؛ سەرۆکی یانەی زاخۆ لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە داوایەک لە هەموو کوردستان دەکات

08-11-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
عەمار فەرهاد
عەمار فەرهاد
نیشانەکردن عەمار فەرهاد یانەی زاخۆ خەڵاتی زە بێست
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پەیامێک ئاراستەی هەموو یانە و هاندەرانی وەرزشی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لە جیهاندا.
 
دوای بەربژێرکردنی یانەی زاخۆ لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێست، بۆ باشترین هاندەر لەسەر ئاستی هەموو جیهان، عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ میوانی بوولتەنی وەرزشیی رووداو سپۆرتس بوو داوا لە هەموو لایەک دەکات پاڵپشتیی یانەکە بکەن.
 
سەرۆکی یانەی زاخۆ گوتی "پیرۆزبێت لە هەموو کوردستانیان و عێراق، ئێمە نوێنەرایەتیی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین، ئەم هاندەرانە توانیوویانە دەنگدانەوەیان لە هەموو جیهاندا هەبێت و شانازییەکی گەورەیە کە زاخۆ یەکێکە لە بەربژێرەکان بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر و زۆر دڵخۆشم، سەرۆکی یانەیەکم رکابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان دەکات، سوپاسی هەموو میدیاکان دەکەم بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی پاڵپشتیی یانەکە دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی یانەی زاخۆ ببێتە خاوەنی باشترین هاندەر لە جیهاندا."
 
سەرۆکی یانەی زاخۆ زیاتر گوتی "کەمپینێکمان راگەیاندووە، بۆ ئەوەی هۆشیاریی زیاتر بدرێتە هاندەران بۆ چۆنیەتی دەنگدان بە یانەی زاخۆ، ژمارەیەک گەنج لەگەڵ یانەکە کاردەکەن و لە شەوی رابردووە 600 کەس خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی وەکو خۆبەخش کاربکەن و لە رۆژانی داهاتووشدا لە هەموو کوردستان و عێراق کاردەکەین و ژمارەیەک هاندەری ئێمە پەیوەندییان بە یانەکانی تورکیاشەوە کردووە بۆ ئەوەی لینکەکە بگاتە زۆرترین هاندەر و دەنگ بۆ یانەکە کۆبکەنەوە."
 
عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت "سوپاس بۆ هەموو یانەکانی کوردستان، ئێمە قەرزاریانین، بەبێ ئەوەی ئێمە پەیوەندیان پێوە بکەین، یانەکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، یانەکانی خولی کوردستان و چەند یانەیەکی عێراقیش پەیوەندییان پێوە کردووین و پاڵپشتییان پێشانداوە، سوپاسی عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکەین کە پاڵپشتیی یانەکە دەکات."
 
فیدراسیۆنی تۆپێی جیهان (فیفا)، یانەی زاخۆی وەکو بەربژێر بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێست، بۆ باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهان راگەیاندووە، یانەکە رکابەریی دوو کەس دەکات بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە، ئەوانیش ئەلیخاندرۆ سیگناتۆی هاندەری یانەی رەیسینگ کلەبی ئەرجەنتینی و مانوێل کاسێرێس ناسراو بە ئێل دێل بۆمبۆ، هاندەری هەڵبژاردەی ئیسپانیایە.
 
بەربژێرکردنی یانەی زاخۆ بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لە جیهاندا، کاردانەوەی زۆر گەورەی لەسەر ئاستی هەموو کوردستان و عێراق دروستکردووە و هەزاران هاندەر لە ئێستاوە دەنگ بە یانە کوردستانییەکە دەدەن بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە جیهانییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە