ئۆسکاری وەرزشی بۆ زاخۆ

09-11-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سامان وڵاتژێری یانەی زاخۆ خەڵاتی زە بێست
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەسەر ئاستی وەرزشی و هەموو بوارە جیاوازەکاندا بینرا، ئەوپەڕی مایەی دڵخۆشییە و جێگەی شانازییەکی گەورەیە، بەربژێرکردنی یانەی زاخۆ بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی هەموو جیهان بۆ بردنەوەی (زە بێست) بۆ باشترین هاندەری ساڵی 2025، دەستکەوتێکە کەس لە کوردستان، عێراق و ئاسیاش بەخەیاڵیدا نەدەهات، بەڵام زاخۆ کردی.
 
ئەو پشتگیرییە کوردستانییەی لە هەموو رووییەکەوە و لەسەر هەموو ئاستێک لە یانەکە دەکرێت، بۆ من جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە، ئێمە ئەگەر لە رووی جوگرافیاشەوە پارچە کرابین، بەڵام دڵمان لەگەڵ یەکە، ئێمە ئەگەر لە ناوخۆشدا رکابەر بین، بەڵام لە دەرەوەدا یەک دەست، یەک رۆح و یەک دڵین و ئەو پاڵپشتییەی لە زاخۆ کرا و دەکرێت ئەمەی بەتەواوی سەلماند.
 
بەربژێرکردنی زاخۆ بۆ بردنەوەی ئەم خەڵاتە جیهانییە، ئەنجامی هەموو ئەو پاڵپشتییە گەورەیەیە کە هاندەرانی یانەکە، لە هەموو یارییەکاندا، لە هەموو یاریگەکاندا، بە هەموو شێوەیەک بۆ یانەکەیان دەیکەن، ئاخر ئەوان زۆر دەمێکە چاوەڕێن و بەردەوام پاڵپشتیی سوور و سپییەکان دەکەن.
 
زاخۆ لە مێژووی تۆپی پێی خۆیدا هیچ دەستکەوتێکی لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەدا نییە، بەڵام بەربژێرکردنی بۆ بردنەوەی خەڵاتی لەم شێوە گەورەیە خۆی دەستکەوتە و بردنەوەشی دەستکەوتێک دەبێت 100 ساڵ کوردستان و عێراق شانازیی پێوە دەکەن و بەردەوام باسی دەکرێتەوە، بەتایبەت کە یانەکە یەکەم یانەیە لە کوردستان، عێراق و ئاسیا بۆ ئەم خەڵاتە گەورەیە بەربژێر دەکرێت.
 
من ئەم خەڵاتە بۆ زاخۆ ناودەنێم ئۆسکاری وەرزشی، ئەمە دەستکەوتێکە هیچی لەوە کەمتر نییە سینەماکارێک یان دەرهێنەرێکی کورد بەربژێر بێت بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار.
 
رکابەرەکانی زاخۆ دوو هاندەرن، یەکێکیان مانوێل کاسێرێس، ناسراو بە ئێل دێل بۆمبۆی ئیسپانییە و کۆچی دواییکردووە، ئەوەی دیکەیان هاندەرێکی ئەرجەنتینییە بەناوی ئەلیخاندرۆ جیگانۆتۆ، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوەی کوردستان و عێراق بۆ زاخۆ دەیکەن، بۆ ئەو هاندەرانە لەسەر ئاستی وڵاتەکانیان چاوەڕوان ناکرێت بکرێت.
 
ئەوەی لەوە زیاتر دڵخۆشم دەکات، پارچەکانی دیکەی کوردستان، باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا هەمووان کوردستانیانە سەیری ئەم پرسە گرنگە وەرزشییە دەکەن و رۆژانە دەیان و سەتان هاندەر لە رێگەی ئیمەیلەکانیانەوە دەنگ بە هاندەرانی زاخۆ دەدەن.
 
زاخۆ لە شوێنێکی دووری ئەمسەری دونیاوە، دەیەوێت مێژووییەک بنووسێتەوە تاوەکو ئەوسەری دونیا باس بکرێت، دڵنیام بەرپرسانی فیفا شۆک دەبن، کاتێک ئیمەیلی فیفا ئاوەردس دەکەنەوە و سەیری رێژەی بەرز و چاوەڕواننەکراوی دەنگەکانی هاندەران بۆ زاخۆی کوردستانی دەکەن.
 
بەلای منەوە زاخۆ بە بەربژێرکردنی بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان براوەیە، لەکاتێکدا ملیۆنان بینەر لەسەر ئاستی دونیا لە شەوی راگەیاندنی خەڵاتەکانی زە بێست گوێبیستی ناوی زاخۆ دەبن، دەیان یاریزان لەنێو هۆڵەکەدا بینەری هاندەرانی یانەکە دەبن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە