بە بەشداریی چەندین هونەرمەندی کورد یانەی ئامەدسپۆر ئاهەنگی بەپاڵەوانبوونی دەگێڕێت

09-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەبۆنەی ئەوەی ئامەدسپۆر بووە پاڵەوانی یانە پلە دووەکانی تورکیا و گەیشتە خولی پلە یەک، لە یاریگەی یانەکەدا ئاهەنگێکی گەورە بە بەشداری ژمارەیەک هونەرمەندی کورد دەگێڕدرێت. 
 
بڕیارە کاژێر 17:00ـی رۆژی شەممە، 11ـی ئایاری 2024، لە یاریگەی خۆیدا، ئامەدسپۆر بەبۆنەی بەدەستهێنانی پاڵەوانێتیی یانە پلە دووەکانی تورکیا و گەیشتنی بە خولی پلە یەک، ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەری لە یاریگەی (دیاربەکر) رێکبخات. 
 
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی ئایاری 2024، دەستەی کارگێڕیی ئامەدسپۆر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، ناوی ژمارەیەک هونەرمەندی کوردی بڵاوکردەوە کە لە ئاهەنگەکەدا گۆرانی دەڵێن. 
 
دەستەی کارگێڕی یانەی ئامەدسپۆر لە پۆستەکەیدا رایگەیاندووە کە هەریەک لە هونەرمەندان؛ خەیرۆ عەباس، ئازاد بەدران، پەرڤین چاکار، باژار، هێلیم ئۆمەری، شیار بەرواری، دی جەی رەمەزان کاراکاش و ژەهرمار بەشداری لە کۆنسێرتی ئاهەنگی خۆشی دەربڕینی بە پاڵەوانبوونی ئامەدسپۆر دەکەن. 
 
لە هەفتەی 34ی خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بە ئەنجامی 1-0 لە یانەی سۆماسپۆری خانەخوێی بردەوە و بووە پاڵەوانی خولەکە.
 
ئامەدسپۆر کە نوێنەرایەتیی شاری ئامەد دەکات، لە هەفتەی پێش کۆتایی خولەکەدا پاڵەوان بوونی خۆی یەکلایی کردەوە. 
 
یاریی نێوان ئامەدسپۆر و سۆماسپۆر دوای نیوەڕۆی یەکشەممە، 28-4-2024 لە پارێزگای مانیسا بەڕێوەچوو. هەرچەندە لە گێمی یەکەمدا یاریزانانی هەردوولا چەند جارێک لە گۆڵ نزیکبوونەوە، بەڵام ئەو گێمە بێ گۆڵ کۆتایی هات.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە