رووداو دیجیتاڵ
سەردەمی نوێی ریال مەدرید و چابی ئەلۆنسۆ دەستپێدەکات، ئەمڕۆ کاژێر 12:00 یەکەم مەشق و راهێنانی یانەی ریال مەدرید لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆ لە ڤالدێبێباس ئەنجامدران، ئەو یاریزانانە بەشدارییان کرد کە هیچ پابەندییەکیان لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان نییە و میدیای ئیسپانیا دەڵێت "یاریزانەکان مەشقی تووندیان پێکراوە."
کاژێر 07:30 سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، زیاتر لە چوار کاژێر بەر لە دەستپێکردنی مەشق و راهێنانەکان، ئەلۆنسۆ پێش هەمووان چووەتە ڤالدێبێباس، دوای ئەوە لەگەڵ دەستەی هونەری و یاریدەدەرەکانی کۆبووەتەوە و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ یاریدەدەرەکانی چەند کاژێرێکی پێچووە و گفتوگۆیان لەبارەی تاکتیک و ئەو بژاردانە کراوە کە لەبەردەستن.
رۆژنامەی ئەی ئێس دەڵێت "ئەلۆنسۆ بە دڵگەرمییەکی زۆرەوە سڵاوی لە کارمەندانی یانەکە کردووە و بەپەرۆشەوە چووە بۆ دەستپێکردنی کاروانی نوێی راهێنەرایەتیکردنی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید."
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریدەدەرەکانی، ئەلۆنسۆ چووەتە لای یاریزانانی ریال مەدرید و بە گەرمی بەخێرهاتنی کردوون و یەک وشەی پێگوتوون "یەکگرتوویی"، ئەمە ئەو وشەیەیە کە ئەلۆنسۆ بەر لە دەستپێکردنی مەشقەکانی ئەمڕۆ بە یاریزانەکانی گوتووە و دەیەوێت لە یانەکەدا رەنگبداتەوە.
ئەلۆنسۆ بەڵێنی بە یاریزانەکان داوە هەموو توانایەکی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی هەر یاریزانێک 200% تواناکانی بەدەستبهێنێت، دوای ئەوە مەشق و راهێنانەکان دەستیانپێکردووە.

لە مەشقەکانی ئەمڕۆی یانەی شاهانەدا، لە تیپی یەکەم هەریەکە لە ڤالڤێردی، کۆرتوا، ئالابا، کارڤاخاڵ، میلیتاو، ڤاسکێز، فران گارسیا، دانی سێبایۆس، راول ئاسێنسیۆ و رۆدریگۆ بەشدارییان کردووە.
لە تیپی ئەکادیمیای ریال مەدرید، سێرخیۆ میستری، فران گۆنزالێس، شیما، یوسف خەدیم، گۆنزالۆ یاکوبۆ، ڤیکتۆر مونیوز، فورتیا، دیێگۆ ئاگوادۆ و ماریۆ مارتن بەشدارییان کردووە.

لە مەشقەکانی ئەمڕۆی ریال مەدریددا، ئەلۆنسۆ کاری لەسەر کارکردن بە رژدی، یەکگرتوویی، کۆنتڕۆڵی تۆپ، پاسدان، گوشاری بەرز لە هێڵی ناوەڕاست و هەموو یاریگەکەدا کردووە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ریال مەدرید کۆبوونەوەیەکی بچووک بووە، یانەکە پێنج یەکەی مەشق و راهێنان بەر لە چوونی بۆ ئەمریکا ئەنجامدەدات، پاشان دەچێتە ئەمریکا و کۆبوونەوەی راستەقینەوە و گرنگ لەوێ ئەنجامدەدات.
لەم هەفتەیەدا ریال مەدرید هەریەکە لە دین هاوسن و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، یاریزانانی نوێی یانەکەی بە میدیاکان دەناسێنێت و دوای کۆتاییهاتنی نەیشنسلیگ و پاڵاوتنەکانی مۆندیالیش، یاریزانەکانی دیکەی تیپەکە دەگەڕێنەوە و سەردەمی راستەقینەی ئەلۆنسۆ لەگەڵ یانەی شاهانە دەستپێدەکات.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ