رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید باس لە ئەگەری دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی دەکات و دەڵێت "کاتێک راهێنەری ریال مەدریدیت پێویستە ئامادەبیت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخانە."
ئەلۆنسۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا گوتی "تیپەکەی پێپ گەشەدەکات، یاریزانی نوێ و زۆرباشی هەیە، هەندێک شتی لە ساڵانی رابردوو جیاوازە و رکابەرێکی بەهێز دەبن."
راهێنەری ریال مەدرید لەبارەی دۆخی یانەکەوە قسەیکرد و گوتی "هەموومان دەست لەناو دەست بەیەکەوە هەنگاو دەنێین، کاتێک تۆ راهێنەری ریال مەدرید بیت پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخانە ئامادەبیت، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەم کە دێت، سبەی دەستپێدەکات بۆ ئەوەی دۆخەکە بگۆڕم، ئەمەش شتێکی ئاساییە."
چابی ئەلۆنسۆ زیاتر گوتی "لە بیرکردنەوەی ئێمەدا جگە لە مانچێستەر سیتی شتێکی دیکە نییە، لە خراپترین دۆخی تۆپی پێدا دەتوانیت بەخێرایی شتەکان بگۆڕیت."
لەبارەی ئەوەی لە یانەی لیڤەرپوول روودەدات و سەڵاح لە پێکهاتەکە دوورخراوەتەوە بۆ ئەو چاوەڕواننەکراوە؟ دەکرێت بەرامبەر ڤینیسیۆس بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵە بکات؟ ئەلۆنسۆ لە وەڵامدا گوتی "هەمووتان رۆشنبیریی ریال مەدرید دەزانن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانان، بڕیارەکانی لیڤەرپوول بڕیاری ئەوانە و ئازادن لە بڕیاردان."
ئەلۆنسۆ لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا بە هەمووانی گوت "ریال مەدرید شوێنی منە، ئەمە ئەو شوێنەیە کە دەمەوێت لێی بم و هەست بە پاڵپشتیی هەمووان دەکەم."
ئەم قسانەی چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید لە کاتێکدایە یانەکەی لە دوایین یاریی لالیگادا بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ دۆڕا و دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی دوایین هەلە بۆ ئەو راهێنەرە بۆ ئەوەی دۆخی یانەکە بگۆڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ