ئەمشەو دهۆک و زاخۆ دەیانەوێت مێژوویەکی لەبیر نەکراو تۆماربکەن

12-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بۆ تۆپی پێی کوردستان و بادینان رۆژێکی تایبەت و مەزنە، دوو نوێنەری کوردستان رکابەری لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی عێراق دەکەن، کاتێک لە یاریگەی خۆیاندا میوانداریی دوو یانەی بەغدا دەکەن.
 
دوای وەرزێکی دوور و درێژ لە هەڵبەز و دابەز، نووسینەوەی مێژوو و بردنەوەی نازناوی جامی کەنداو وەکو یەکەم یانەی کوردستان و عێراق، پاشان کەوتنێکی کاتی و گۆڕانکاری بەردەوام لە دەستەی راهێنەرایەتیدا، ئێستا کاتی نووسینەوەی مێژووییەکی دیکەیە بە کاتی دهۆک.
 
یانەی دهۆک لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی عێراقدا، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی جەوییە یاری دەکات، ئەلهویێن چیا لەژێر سەرپەرشتی سلێمان رەمەزان لە دوو یاریی رابردوودا هاندەرانیان ئاشتکردووەتەوە و لە یاریی بەرامبەر مینا هاندەرانی یانەکە ئەوەی پێشانی یاریزانەکان دایەوە، کە هەمیشە لە پشتیان دەبن.
 
سلێمان رەمەزان، راهێنەری یانەی دهۆک دەڵێت "یاریزانەکان بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن و چاومان لە نووسینەوەی مێژووە، بۆ ئەوە پێویستیمان بە پاڵپشتیی هاندەران هەیە و هیوادارم بەدرێژایی یارییەکە لەگەڵ یانەکەیان بن و هانی یاریزانەکان بدەن."
 
دهۆک 23 رۆژ لەمەوبەر، لە خولی عێراقدا بە ئەنجامێکی گەورە بەرامبەر جەوییە دۆڕا و چوار گۆڵی لێکرا، ئێستاش یانەکە هەمان یانەیە، یاریزانەکان هەمان یاریزانن، تەنیا راهێنەر گۆڕاوە و ئەو دهۆکەی ئەمڕۆ میوانداریی جەوییە دەکات، هەمان دهۆکی پێش مانگێک نییە.
 
یاریزانانی دهۆک بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن، دەیانەوێت مێژوو بنووسنەوە و بگەنە یاریی کۆتایی جامی عێراق، بۆ ئەوەش پێویستیان بە پاڵپشتیی هاندەرانە، بەتایبەت ئەمە دوایین یاریی دهۆکە لە یاریگەی خۆیدا لەم وەرزەدا.



یەکێک لە باشترین یانەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق و باشترین یانە کوردستانییەکەی نێو خولەکەدا یانەی زاخۆ بوو، زاخۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لە یارییەکی مێژووییدا میوانداریی یانەی شورتە دەکات، هاندەرانی یانەکە وەکو هەمیشە چەندین کاژێر بەر لە یارییەکە یاریگە پڕ دەکەن و دەیانەوێت بینەری بردنەوەیەکی لەبیر نەکراوی یانەکەیان بن.
 
زاخۆ میوانداریی شورتەی پاڵەوانی عێراق، یانەکە نایەوێت ئەو هەلە مێژووییە لەدەستبدات کە بۆ یەکەمجار یانەکە دەپەڕێنێتەوە بۆ یاریی کۆتایی جامی عێراق.
 
سوور و سپییەکانی زاخۆ ئەنجامەکانیان لە ماوەی رابردوودا بۆ هەمووان بووەتە جێگەی سەرنجی زۆر و هەر یانەیەک دەچێتە یاریگەی زاخۆ بە ترسەوە رووبەڕووی ئەو یانەیە دەبێتەوە، ئەمشەو زاخۆییەکان چاویان لە نزیکبوونەوەیە لە گەیشتن بە یاریی کۆتایی.
 
کوڕانی خابوور لە باشترین کاتەکانیاندان، ئەوان لەژێر سەرپەرشتی عەبدولغەنی شەهد گەیشتوونەتە لووتکەی ئاستیان و ئەمشەو دەیانەوێت سێیەم یاریی ئەم وەرزەیان لە شورتە ببەنەوە و کۆرنیش و پردی دەلال بکەنە شوێنی ئاهەنگ و سەما.
 
هەردوو یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی عێراق، لەنێوان زاخۆ و شورتە، دهۆک و جەوییە کاژێر 20:00 دەکرێن و لە پەیجی رووداو سپۆرتس، رووداو عەرەبی و رووداو رەنگین، یوتیوبی رووداو سپۆرتس راستەوخۆ دەگوازرێنەوە.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە