رووداو دیجیتاڵ
دوای یاریی کلاسیکۆ، یاریزانێکی بارسێلۆنا لە ژووری جلگۆڕیندا هەموو هاوڕێکانی شۆک کردووە کاتێک پێیگوتوون بڕیاری داوە لە بارسێلۆنا بڕوات.
لە ماڵئاوایییەکی پڕ لە ئازاردا لەنێو ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنادا، ئەستێرەیەکی لاو و بەهرەمەندی یانەکە، هەردوو هاوڕێی هەرە نزیکی، پێدری و گاڤی لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە بڕیاری جێهێشتنی یانە کەتەلۆنییەکەی داوە.
یانەی بارسێلۆنا لە دوایین ئیلکلاسیکۆی ئەم وەرزەدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر رکابەرە تەقلیدییەکەی ریال مەدرید بەدەستهێنا و زۆر نزیککەوتەوە لە یەکلاکردنەوەی نازناوی خولی ئیسپانیا.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، پاو ڤیکتۆری هێرشبەری لاو بڕیارێکی قورسی داوە، بەڵام بۆ کاروانی وەرزشیی خۆی پێویستی پێیەتی، کە بریتییە لە جێهێشتنی ریزەکانی بارسێلۆنا لەماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.
پاو پێشتر هەندێک لە هاوڕێ نزیکەکانی ئاگادارکردووەتەوە، لەوانە پێدری و گاڤی، دوو لە دیارترین رووخساری گەنجی تیپی یەکەم، کە چەندین ساتی لەنێو یاریگا و دەرەوەی یاریگا لەگەڵیاندا هاوبەش کردووە.
هەرچەندە پاو یاریزانێکی سەرەکی نەبوو، بەڵام لە ژووری جلگۆڕیندا هەمووان بە بیستنی هەواڵی رۆیشتنی شۆک بوونە و پێیان ناخۆش بووە، بەڵام بڕیارەکە لەسەر بنەمایەکی واقیعی پتەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەو پێیوایە قۆناخی داهاتووی کاروانی وەرزشییەکەی پێویستی بە کاتێکی زیاتری یاریکردن و ناساندنی میدیایی هەیە، شتێک کە لەگەڵ تیپی کەتەلۆنیدا دەستی نەکەوتووە بەهۆی بوونی یاریزانی بەتوانای زۆر لەو یانەیە و دەرفەت نەڕەخسان بۆ یاریکردنی پاو.
یاریزانەکە لە تەمەنی 23 ساڵیدا لەم وەرزەدا دەرفەتی پێویستی بۆ نەڕەخساوە، سەرەڕای درەوشاوەیی لە ماوەی پێش وەرزدا، بەتایبەتی لە یاریی دۆستانەدا بەرامبەر ریال مەدرید کە دوو گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام بەشداریی راستەقینەی زۆر سنووردار بوو.
ئەو لەم وەرزەدا 27 یاری ئەنجامداوە، لەنێویاندا تەنیا دوو یاری وەک یاریزانی سەرەکی، بەکۆی گشتی 372 خولەک یاریکردووە. دوو گۆڵی تۆمارکردوە و یەک ئەسیستیشی هەیە، بەڵام هیچیان یەکلاکەرەوە نەبوونە.
بارسێلۆنا نزیکەی 2.5 ملیۆن یۆرۆی داوە بۆ گواستنەوەی لە پاو لە جیرۆنا، بەپێی گرێبەستێک کە تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2029 بەردەوام دەبێت، ئەمەش هانی یانەکە دەدات ئاسانکاری بۆ دەرچوونی بکات، بەڵام بێگومان بەپێی ویست و بەرژەوەندی خۆی، کە پێدەچێت بارسا یان لە رێگەی خواستنەوە بیداتە یانەیەک بۆ ئەوەی رێگەی پێبدات گەشە بکات، یان فرۆشتنێکی مەرجدار بە دانانی مەرجی بڕگەی کڕینەوە، بۆ ئەوەی هەر کاتێک بیەوێت ئەو بەهرەیە بگەڕێنێتەوە ریزەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ