رووداو دیجیتاڵ
جیاواز لە هەموو هاوینەکانی دیکە، لە هاوینی 2025 تۆپی پێی جیهان دەچێتە قۆناخێکی دیکەوە و یاریزانە دیار و یانە بەنێوبانگەکان ناچنە پشوو، بەڵکو بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکاندا لە ئەمریکان.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 15-6-2025 مۆندیالی یانەکان، بەبەشداریی 32 یانە لە ئەمریکا دەستپێدەکات، یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە 11 شار و 12 یاریگەی جیاوازدا بەڕێوەدەچن.
یەکەمجارە 32 یانە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن، یانە بەشدارەکان بەسەر 8 کۆمەڵەدا دابەشکراون و لە قۆناخی یەکەمدا هەر یانەیەک 3 یاری ئەنجامدەدات، دوای ئەوە رکابەرییەکانی دەچنە قۆناخەکانی کرانە دەرەوە.
یارییەکانی مۆندیالی یانەکان لە 15-6-2025 دەستپێدەکەن و تاوەکو 13-7-2025 بەردەوامدەبن، هەردوو یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی و ئەهلی میسری، شریتی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە دەبڕن.
کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکان بەمشێوەیەن
کۆمەڵەی یەکەم
- ئەهلی میسری
- ئینتەرمەیامی ئەمریکی
- پالمێراسی بەرازیلی
- پۆرتۆی پۆرتوگالی
کۆمەڵەی دووەم
- پاریس سانجێرمانی فەرەنسی
- ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی
- بۆتافۆگۆی بەرازیلی
- سیاتل ساوندەرزی ئەمریکی
کۆمەڵەی سێیەم
- بایرن میونشنی ئەڵمانی
بۆکا جونیۆرزی ئەرجەنتینی
- بێنفیکای پۆرتوگالی
- ئۆکلاند سیتیی نیوزیلاندی
کۆمەڵەی چوارەم
- چێڵسیی ئینگلیزی
- فلامینگۆی بەرازیلی
- تەرەجیی تونسی
- لۆس ئانجلێس ئێف سی ئەمریکی
کۆمەڵەی پێنجەم
- ئینتەرمیلانی ئیتاڵی
- ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی
- ئوراوا رێدزی ژاپۆنی
- مۆنتێری مەکسیکی
کۆمەڵەی شەشەم
- بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی
- فلومینێنسی بەرازیلی
- ئوڵسان هیوندای کۆریای باشوور
- مامێلۆدی ساونداونسی ئەفریقای باشوور
کۆمەڵەی حەوتەم
- مانچێستەر سیتی ئینگلیزی
- یوڤێنتوسی ئیتاڵی
- ویدادی مەغریبی
- عەینی ئیماراتی
کۆمەڵەی هەشتەم
- ریال مەدریدی ئیسپانی
- هیلالی سعودی
- سالزبۆرگی نەمسایی
- ماچوکای مەکسیکی
لێدوانی سەرۆکی فیفا


جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لەبارەی مۆندیالی یانەکانەوە دەڵێت "مۆندیالی یانەکان دەرگا بەڕووی رکابەرییەکی نوێی تۆپی پێدا دەکاتەوە، دۆخەکە هاوشێوەی بەڕێوەچوونی یەکەم مۆندیالی تایبەت بە هەڵبژاردەکانە لە 1930، ئەمڕۆ هەمووان لەبارەی ئەم پاڵەوانێتییەوە قسە دەکەن، بەهۆی ئەمەوە پاڵەوانێتییەکە مێژووییە."
سەرۆکی فیفا گوتی "ئامانجی راستەقینە ئەوەیە تۆپی پێ بە جیهانی بکەین، بۆ ئەوەی بەراستی جیهانی بێت، کاتێک لێی قوڵ دەبینەوە، دەڵێین وەرزش ژمارە یەکە لە جیهاندا و هەر وایە، بەڵام بژاردەکان لە ژمارەیەکی کەمی یانەکاندا و لە ژمارەیەکی کەم لە وڵاتەکاندا چڕبوونەتەوە، بۆیە چەند یاریزانێکی گەورەی پێشوومان هێنا کە هەرگیز بەشدارییان لە مۆندیالدا نەکردووە، ئەو وڵاتانەی هەلی بەشداریکردنیان لە مۆندیالدا نەبووە، ئێستا لە ناکاو بوونە بەشێک لە مۆندیال و یاریزانان و هاندەرانیشیان خۆیان بە بەشیک لە مۆندیال دەزانن.
ئینفانتینۆ دەڵێت "هاوڕێی ئازیزم جۆرج ویا، ئەفسانەی پێشوو، یاریزانێکی گەورە، براوەی باڵۆن دۆرە، تاکە یاریزانی ئەفریقایە ئەو خەڵاتەی بردبێتەوە، بەڵام هەرگیز لە مۆندیالدا یاریی نەکردووە، لەکاتێکدا نەک تەنیا یانەکەی، بەڵکو وڵاتەکەشی شانازیی پێوە دەکرد.
ئینفانتینۆ زیاتر گوتی "مۆندیالی یانەکان دەرفەت بۆ زیاتر لە 80 وڵات دەرەخسێنێت بۆ ئەوەی بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکەن.
کێشەی کەمی خواست لەسەر بلیتی یارییەکانی مۆندیالی یانەکان

لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆری یانە و یاریزانی بەنێوبانگ لە مۆندیالی یانەکاندا بەشدارن، بەڵام خواستێکی کەم لەسەر بلیتی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەشێوەیەکی گشتی و یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە بەتایبەت هەیە، ئەمە فیفای تووشی نیگەرانییەکی زۆر کردووە و بەدوای رێگە چارەدا دەگەڕێن.
رۆژنامەی ئاتلێتیکی بەریتانی دەڵێت "فیفا بڕیاریداوە بلیتەکانی ئەو یارییە پێشکێشی قوتابیانی یەکێک لە زانکۆکان بکات، بۆ ئەوەی قوتابییەکان بچنە یاریگە و یاریگە پڕبکەن لە هاندەر."
ئۆفەری فیفا بۆ قوتابیانی زانکۆ بەمشێوەیە دەبێت، بلیتەکانی یارییەکە بە 20 دۆلار پێیاندەفرۆشرێت و 4 بلیتی دیکەشی لەگەڵدا بە خۆڕایی دەداتە قوتابییەکان، بەس بۆ ئەوەی بچنە یاریگە.
فیفا هەست بە نیگەرانییەکی قوڵ دەکات سەبارەت بە کەمی خواست لەسەر بلیتی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەشێوەیەکی گشتی و یاریی کردنەوەی بەشێوەیەک تایبەت، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی فیفا ناچار بێت نرخی بلیتەکانی یاریی کردنەوە بە رێژەی 84٪ دابەزێنێت.
نرخی بلیتی یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییە سەرەتا 306 یۆرۆ بوو، بەڵام بۆ 50 یۆرۆ کەمکراوەتەوە کە ئەمەش نرخێکی زۆر ئاساییە، بەڵام هێشتا خواستی لەسەر نییە و هەندێک سەرچاوە دەڵێن، نرخەکەی بۆ 25 دۆلار کەمکراوەتەوە.
کەمی خواست لەسەر بلیتی یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە لەکاتێکدایە لە یەکەم یارییدا لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی یاری دەکات.
بۆچی ریال مەدرید گرنگی بە پاڵەوانێتییەکە دەدات؟
32 یانە لەسەر ئاستی هەموو جیهان بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکەن، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، هیچ یانەیەک هێندەی ریال مەدریدی ئیسپانی گرنگی بە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە نادات.
شاندی یانەی ریال مەدرید ئەمڕۆ بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت، بۆ ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکات، لە ماوەی رابردوودا یانەکە گرێبەستی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ واژۆکرد و راهێنەرەکە ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیالی یانەکان دەستپێکرد، ریال مەدرید هەریەکە لە دین هاوسن و ئەلیکساندەر ئارنۆڵدی گواستەوە و هەردوو یاریزانەکە بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکەن، گرێبەستی فرانکۆ ماستانتونۆی راگەیاندووە، بەڵام یاریزانەکە دوای مۆندیال پەیوەندی بەو یانەیەوە دەکات.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "بەهۆی ئەوەی خەڵاتێکی دارایی زۆری لەسەرە، ریال مەدرید بە گرنگییەوە دەڕوانێتە جامی جیهانی یانەکان و دەیەوێت یەکەم نازناوی شێوازی نوێی پاڵەوانێتییەکە بەناوی خۆیەوە بکات."
کۆی گشتی خەڵاتە داراییەکانی مۆندیالی یانەکان دەگاتە 1 ملیار دۆلار و ئەو یانەیەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بەدەستدەهێنێت، 125 ملیۆن دۆلار وەکو خەڵاتی دارایی پاڵەوانێتییەکە وەردەگرێت.
کاتی یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە


بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان هەردوو یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی و ئەهلی میسری بەڕێوەدەچێت، یارییەکە کاژێر 03:00 لەسەر یاریگەی هارد رۆک ئەنجامدەدرێت.
لیۆنێل مێسی، دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوو یاریی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا ئەنجامدا، گەڕایەوە فلۆریدا و بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا کردووە و بۆ یارییەکە ئامادەیە.
ئینتەرمەیامی لە خولی ئەمریکادا ئەنجامەکانی باش نین، بەڵام دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بەبردنەوەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە.
لە بەرامبەردا یانەی ئەهلی میسری، ئەزموونێکی زیاتری لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکان و دەرەوەدا هەیە، بەر لە بەڕێوەچوونی مۆندیالی یانەکان، کەمپێکی مەشق و راهێنانی ئەنجامدا و لە یارییەکی دۆستانەشدا لەگەڵ یانەی پاچوکای مەکسیکی یەکسانبوون.
یانە میسرییەکە بەباشی خۆی بۆ رکابەرییەکە ئامادەکردووە و چاوی لە بردنەوەی یەکەم سێ خاڵی پاڵەوانێتییەکەیە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ