وردەکاریی گۆڕانکارییە تاکتیکییەکانی چابی ئەلۆنسۆ لەگەڵ ریال مەدرید

14-08-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر تیرۆل تەنیا دەستپێک و ماڵئاوایی کورتترین وەرزی ئامادەکاریی مێژووی یانەکە نەبوو، بەڵکو بۆ چابی ئەلۆنسۆ هەنگاوێکی دیکە بوو لەو گۆڕانکارییە هەنگاو بە هەنگاوەی لە ئەمریکاوە دەستیپێکردبوو. راهێنەرە ئیسپانییەکە روخسارێکی نوێی بە ریال مەدرید بەخشیوە، تیپێک بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی داهاتوو، ئێستا بووەتە تیپێکی دیکە.
 
لە ئینسبرۆک، چابی چەندین ئاماژەی لەسەر نیازەکانی، پیاوە متمانەپێکراوەکانی و ناسنامەی نوێی تیپەکەی پێش دەستپێکی لالیگا دەرخست. بۆ دەستپێک گەڕایەوە بۆ پلانی کلاسیکی 4-3-3. پێکهاتەکە بریتیبوو لە: کۆرتوا؛ ترێنت، میلیتاو، هاوسن، کارێراس؛ چوامینی، ئاردا گولەر، سیبایۆس؛ براهیم دیاز، ئێمباپێ و ڤینیسیۆس. ئەم پێکهاتەیە رەنگە هەمان پێکهاتەی یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا بێت لە دەستپێکی لالیگادا، تەنیا ڤالڤێردی دوای چاکبوونەوەی لە پێکان شوێنێکی دەبێت.
 
دڵی بەرگری
 
لە دڵی بەرگریدا، چابی پەیامێکی روونی نارد: دین هاوسن و ئیدێر میلیتاو جووتە بەرگریکاری سەرەکیی ئەون. یاریزانە بەرازیلییەکە دوای دوو ساڵ لە کێشەی پێکان، بە گۆڵێکەوە گەڕایەوە پێکهاتەی سەرەکی و سەلماندی بۆ رکاربەرییەکانی داهاتوو ئامادەیە. هاوبەشەکەی لە هێڵی دواوە، هاوسن، بەردەوامبوو لە نیشاندانی بەهرە ناوازەکانی وەک بەرگریکارێکی نایاب. توانای ئەو لە پچڕانی تۆپ لەدواوەوە بۆ چابی و هاوڕێکانی وەک زێڕ وایە.
 
بەرگریکارەکان تەنیا ئاماژەی هێڵی بەرگری نەبوون. کارێراس یەکەم یاریی خۆی ئەنجامدا و ئاستێکی زۆر باشی پێشکێش کرد. باڵی چەپ هی ئەو و ڤینیسیۆس بوو. بەرگریکارە ئیسپانییەکە بووە باشترین هاوبەشی ڤینی و بەردەوام بۆشایی و هەلی باشی بۆ دروستدەکرد. لە رووی بەرگریشەوە لە یارمەتیدانی هاوسن ئاستێکی باشی پێشکێشکرد.
 
بڕبڕەی پشتی تیپەکە
 
لە جامی جیهانی یانەکان، چابی ئاماژەی گەورەی لەسەر پیاوەکانی خۆی لە هێڵی ناوەڕاستدا دابوو. گولەر و چوامینی یاریزانی سەرەکی بوون لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان و دوای یارییەکەی دوێنێش، دووپاتبووەوە هەردووکیان بڕبڕەی پشتی یانەکەن. یاریزانە فەرەنسییەکە وەک لەنگەرێکی بەهێز دەرکەوت، تۆپی دەبڕی و بەژیرانە دابەشی دەکرد.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئاردا گولەر یاریزانی ئازادی هێڵی ناوەڕاستە و سەرپشکە لەوەی بۆ کوێ دەڕوات و لە چ شوێنێکی ناوەڕاست دەبینرێت. دەزانێت ئەمە ئەو وەرزە دەبێت تێیدا پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی بەهێزتر دەکات، بەمتمانەی راهێنەرەکەی و لە سەرووی هەمووشیانەوە بەهرە بێسنوورەکەی. 
 
گولەر لە نەمسا، بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی یارییەکەی بە پێگەیشتوویییەکی سەرسوڕهێنەرەوە گرتەئەستۆ، لەگەڵ ئەسیستێک بۆ ئێمباپێ. پاسە ستوونییەکانی و ئەو توانایانەی لە سێیەکی کۆتایی یاریگەدا نیشانی دەدات، دەیسەلمێنن کە مەدرید لە دەستێکی پارێزراوە.
 
دیاز لەپێش رۆدریگۆوە
 
لە باڵی راستدا، براهیم دیاز لە پێش رۆدریگۆوە بەسەرەکی دەستیپێکرد. بڕیارێک گۆڕانکارییەک لە ریزبەندی هێرشبەراندا دووپات دەکاتەوە. ئیبراهیم دیاز رووبەڕووی وەرزێکی قورس دەبێتەوە و تێیدا وەک یاریزانێکی گرنگ دەمێنێتەوە. جوڵە و توانای بەستنەوەی هێڵەکان دۆخی زۆر گونجاو بۆ هاوڕێکانی لە هێڵی پێشەوە دروستدەکات. بەرامبەر یانەی تیرۆل 78 خولەک یارییکرد، ئەسیستێکی کرد و ئاستێکی ناوازەی نیشاندا.
 
لە روویەکی دیکەوە رۆدریگۆی بەرازیلی لە باڵی راست دوورخراوەتەوە، چونکە ئەو شوێنە هی ئەو نییە. چابی ئەلۆنسۆش لەوە تێدەگات. لە نیوەی دووەمدا لە شوێنی ڤینیسیۆس هاتە نێو یاریگە و گۆڵێکی تۆمارکرد، هەرچەندە دەیتوانی دوو گۆڵ بکات. رۆدری لە داهاتوویەکی نادیاردایە، بەڵام توانیویەتی خۆی لە دەنگۆکان بەدووربگرێت و بیسەلمێنێت کە دەتوانێت هاوبەشێکی نایاب بێت بۆ کیلیان ئێمباپێ.
 
گوشارکردن لە هێڵی پێشەوە
 
ئەگەر شتێک هەبێت ناسنامەی مەدریدە نوێیەکەی چابی ئەلۆنسۆ پێناسە بکات، ئەوا چڕی و گوشارکردنە دوای لەدەستدانی تۆپ. لە ئینسبرۆک تیپێک بینرا بەشێوەیەکی رێکخراو گوشار دەکات، هەوڵی وەرگرتنەوەی خێرای تۆپ دەدات و رێگە بە رکابەر نادات بە ئارامی بیربکاتەوە. ئەمە یەکەم تاقیکردنەوەی بەکۆمەڵ بوو. ڤینیسیۆس نموونەی زیندووی ئەمە بوو، هەرجارێک تۆپی لەدەستدەدا، دەبووە یەکەم بەرگریکاری تیپەکەی.
 
ئەم گوشارە بەشێکە لە فەلسەفەی راهێنەرە نوێیەکە. چابی وای لە یاریزانەکانی کردووە تێبگەن بەرگریکردن لەو ساتەوە دەستپێدەکات تۆپ لەدەستدەدەیت. ئۆتۆماتیکییەتێک ئەگەر بەتەواوی جێگیرببێت، تیپەکە دەکاتە یەکێک لە باشترین تیپەکان لە بەرگریکردن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە