رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و دوای دوو دۆڕان یەکەم بردنەوە تۆماربکات، کاتێک بەرامبەر یانەی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش یاری دەکات.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 16ـی لالیگادا، کاژێر 23:00 یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئالاڤێش یاری دەکات، یانەکە لەژێر گوشارێکی زۆردایە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دۆڕاوە و لە دوایین 8 یارییدا تەنیا دوو بردنەوەی هەبووە، بۆیە تیپەکە چاوی لەوەیە لەژێر ئەو گوشارە بێتە دەرەوە و بەبردنەوەی سێ خاڵ بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست، بەتایبەت بارسێلۆنا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و جیاوازیی نێوانیان ئێستا 7 خاڵە.
بۆ یارییەکەی ئەمشەو کیلیان ئێمباپێ ئامادەیە و بەتەواوی مەشق و راهێنانەکانی ئەنجامداوە، دوای ئەوەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاریی نەکرد، چاوەڕواندەکرێت بگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی سەرەکی یانەی شاهانە.
یانەی ریال مەدرید بۆ ئەم یارییە بەهۆی کارتی سوورەوە لە تواناکانی ئەلڤارۆ کارێراس، فران گارسیا و ئێندریک بێبەش دەبێت، ئیدوارد کاماڤینگا، ئێدێر مێلیتاو، ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، دانی کارڤاخاڵ و فێرلاند مێندی پێکانیان هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام دین هاوسن لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و ئەگەری هەیە بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
ئالاڤێش لە یاریگەی خۆیدا باش یاریی دەکات، لە هەشت یاریی نێو یاریگەی خۆی تەنیا دوو یاریی دۆڕاندووە و ئەنجامەکانیشی باشن، تیپەکە دەیەوێت سوود لە دۆخی خراپی ریال مەدرید وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و زیاتر لە پلەکانی پێشەوە نزیک ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ