چێڵسی یەکەم یاری دەکات و راهێنەرەکەی دەڵێت "بۆ ئامادەکاری لێرە نین"

16-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی ئینگلیزی یەکەم یاریی لە مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامدەدات و بەرامبەر تیپی هێرشبەرێکی پێشووی یاری دەکات.

ئەمشەو لە درێژەی رکابەرییەکانی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکاندا، یانەی چێڵسی لە یاریگەی مێرسیدس بێنز، کە یەکێک لە جوانترین یاریگەکانی مۆندیالە بەرامبەر یانەی لۆس ئانجلێس ئێف سی یاری دەکات.
 
لە ریزەکانی یانە ئەمریکییەکەدا ئۆلیڤێ ژیرۆ، هێرشبەری فەرەنسی یاری دەکات، یارییەکە بۆ ئەم یاریزانە تایبەت دەبێت لەکاتێکدا پێشتر سێ ساڵ یاریی بۆ یانە ئینگلیزییەکە کردووە.
 
چێڵسی دوای ئەوەی نازناوی کۆنفرانسلیگی بردەوە دەیەوێت لە مۆندیالی یانەکاندا بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەوێت.
 
لە یارییەکەدا هاندەرانی یانە لەندەنییەکە چاویان لە دەرکەوتنی لیام دێلاپ، یاریزانی نوێی یانەکەیان دەبن کە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بەرامبەر 30 ملیۆن پاوەند لە ئیپسویچ تاونەوە پەیوەندیی بە یانەکەوە کردووە.
 
یانەی لۆس ئانجلێس لە کاتێکدا بەشداریی لە مۆندیالی یانەکاندا کردووە، یانەی لیۆنی مەکسیکی بەهۆی ئەوەی هەمان خاوەنداریەتیی لەگەڵ یانەی پاچوکا هەبوو دوورخرایەوە و ئەم یانەیە هێنرایە شوێنی.
 
ئێنزۆ مارێسکا، راهێنەری یانەی چێڵسی بەر لە یارییەکە گوتی "لەوکاتەوەی یاریی کۆتایی کۆنفرانسلیگمان ئەنجامداوە، تەنیا چەند رۆژێکی کەم پشوومانداوە، هەندێک یاریزان گەڕاونەتەوە و بەر لە سێ چوار رۆژ لە کۆبهام کۆبووینەوە، هەستێکی خۆشمان هەبوو بەگەڕانەوە و یەکدی بینینەوە بەر لەسەرەتای وەرز، بەڵام ئەوەی کە لەسەرەتاوە وتوومە و پەیامە سەرەکییەکە لەسەرەتاوە ئەوەیە کە ئێمە لێرەنین بۆ ئەوەی ئامادەسازیی بۆ وەرزەکە بکەین، ئەمە پاڵەوانێتییەکی زۆر گەورەیە."
 
یارییەکە کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچێت و یەکەمجارە هەردوو یانە ئینگلیزی و ئەمریکییەکە بەرامبەر یەکدی یاری دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە