رووداو دیجیتاڵ
وردەکاری ئەو قسانەی ماریا ئینریگێز نیگرێرا لەبەردەم لێکۆڵەرانی دەزگای باجی ئیسپانیادا کردوونی لەبارەی دۆسێی تۆمەتبارکردنیەوە بە بەرتیل وەرگرتن لە بارسێلۆنا و گەندەڵێی، ئاشکرا بوون. هاوکات ئەوە ئاشکرابووە کە خوان لاپۆرتا سەرۆکی بارسێلۆنا، بڕێک پارەی خستووەتە سەر ئەژمارە بانکییەکەی کوڕەکەی نیگرێرا.
بەپێی ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، نێگرێرا کە پێشتر جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا بووە، بەرگری لە خۆی کردووە لەوەی بەرتیلی وەرگرتبێت بۆ هاوکاریکردنی بارسێلۆنا لە نێوان ساڵانی 2003 تاوەکو 2018.
میدیای ئیسپانیا گوتوویانە، نیگرێرا بە پشکنەرەکانی دەزگای باجی ئیسپانیای گوتووە، "بارسێلۆنا پێیوابووە کە تیپی یەکەمی یانەکە رووبەڕووی ئازاردان بووەتەوە لەلایەن یانەکانی دیکەوە، بۆیە پێیان باشبووە راوێژیانی بدەمێ لەسەرئەوەی چۆن بتوانن خۆیان لەوە بپارێزن، کەس راستەوخۆ داواکاری میانگری لێنەکردووم".
هەروەها گوتوویەتی، خزمەتەکانی من تەنیا بریتیبووە لە بینینی یارییەکان بەئامادەبوونی خۆم یان هاوکارەکانم کە ناوبژیوانی پێشوو بوون و داوایانکردووە بۆیان شیبکەمەوە ناوبژیوان لەسەر چ بنەمایەک بڕیارەکانی دەدات.
نیگرێرا هەروەها گوتوویەتی، "ئەرکی من ئەوەبوو کە رای خۆم لەبارەی ئاستی ناوبژیوانان و یاریزانانەوە لە یارییەکاندا بڵێم، تەنیا راوێژی تەکنیکیم کردووە، ئەوەی بارسێلۆنا لەم کارەدا دەیویست تەنیا ئەوەبوو کە بڕیار لە دژی یانەکە نەدرێت و هەموو کەس بێلایەن بێت".
جێگری پێشووی سەرۆکی ناوبژیوانانی لالیگا هەروەها گوتوویەتی، "پێموایە بارسێلۆنا بەهۆی بڕیاری ناوبژیوانانەوە زیانی بەرکەوتووە، ئەرکی من ئەوەبوو تەنیا تەماشای یارییەکان بکەم و شرۆڤەی تەکنیکیی بۆ بڕیاری ناوبژیوانەکان بکەم لەبەرئەوەش من پارەم وەرگرتووە، چونکە پێشتر شارەزای لایەنی تەکنیکیی ناوبژیوانان بووم، بەڵام من هەرگیز کارم نەکردووە بۆ کاریگەریی دانان لەسەر ناوبژیوانان".
لە پەیوەست بەهەمان رووداو، رۆژنامەی 'کۆنفیدێنسیال'ی ئیسپانی رایگەیاندووە کە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا بڕی 750 هەزار یۆرۆی خستووەتە سەر ئەژمارە بانکییەکەی خافیێر نیگرێرای کوڕی ماریا ئینریگێز نیگرێرا لە ماوەی چوار ساڵدا، کاتێک ئەو لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا وەک راهێنەر کاریکردووە.
رۆژنامەکە دەڵێ لە پاش لێکۆڵینەوەی کارمەندانی دەزگای باجی ئیسپانیا، ئەوان بۆیان دەرکەوتووە کە لاپۆرتا ناوە ناوە پارەی بۆ کوڕەکەی نیگرێرا ناردووە.
میدیای ئیسپانیا دووپات لەوە دەکەنەوە کە خافیێر، پێشتر ساڵی 2004 بووەتە یاریدەدەری لویس ئاراگۆنیس، راهێنەری ئەوکاتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە کاتێکدا پەیوەندی نێوان کۆمپانیاکەی نیگرێرا و کوڕەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2001، لەو ساڵەشەوە بارسا پارەی داوەتە نیگرێرا.
لە بەرامبەر دوایین پێشهات و هەواڵەکانی پەیوەست بە هەمان دۆسێ، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە سوورە لەسەر بەرگریکردن لە خۆی و یانەکەی و دژی ئەوانە دەوەستێتەوە کە دەیانەوێت ناوبانگی بارسێلۆنا بزڕێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ