دۆرتموند و ئینتەرمیلان دەیانەوێت یەکەم بردنەوە تۆماربکەن

21-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بۆرووسیا دۆرتموند دووەم یاریی لە رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامدەدات و چاوی لە بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵە.
 
دۆرتموند دوای ئەوەی لە یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکەدا دوو خاڵی لەدەستدا و لەگەڵ یانەی فلومینێنسی بەرازیلی یەکسانبوو، ئەمڕۆ ئێوارە لە دووەم یارییدا لە کۆمەڵەی شەشەمدا بەرامبەر یانەی مامێلودی ساندزی ئەفریقای باشوور یاری دەکات.
 
یانە ئەفریقییەکە یاریی یەکەمی بردووەتەوە و بە سێ خاڵ پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گرتووە، هەر ئەنجامێک جگە لە دۆڕان لە بەرژەوەندی ئەو تیپەدایە بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
دۆرتموند بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هەلی گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بکات، جگە لە بردنەوەی یارییەکە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە.
 
هەرچەند بەشێکی یاریزانانی دۆرتموند پێکانیان هەیە، بەڵام تیپەکە دوو رۆژە ئامادەکاریی باشی بۆ یارییەکە کردووە و دەیەوێت یەکەم سێ خاڵ بەدەستبهێنێت.
 
یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دووەم یاریی خۆی لە مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامدەدات و چاوی لە قەرەبووکردنەوەی لەدەستدانی دوو خاڵی یەکەم یارییەتی لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەم و لە کۆمەڵەی پێنجەمدا، یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لە یاریگەی لومیێن فیڵد لە واشنتن بەرامبەر یانەی ئوراوا رێدی ژاپۆنی یاری دەکات.
 
نیرازۆری بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە یاریی یەکەمیدا بەرامبەر مۆنتێری مەکسیکی یەکسانبوو و دوو خاڵی لەدەستدا، ئوراوا رێد لە یاریی یەکەمیدا بەرامبەر یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی دۆڕا و هەردوو یانە سەرەتایەکی باشیان لە رکابەرییەکەدا نەبووە و ئەمشەو چاویان لە بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵی یارییەکەیە.
 
یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە بەرەبەیانی سبەی دەکرێت، هەردوو یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی و مۆنتێری مەکسیکی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە