راهێنەری دۆرتمۆند: کەشوهەوای مۆندیال لە دژی ئەورووپییەکانە

21-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مۆندیالی یانەکان نیکۆ کۆڤاچ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نیکۆ کۆڤاچ، راهێنەری یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، گلەیی لە کەشوهەوای مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکا هەیە، لە کاتێکدا تیپەکەی خۆی بۆ دووەم یاریی مۆندیالەکە بەرامبەر سەن داونزی ئەفریقای باشوور ئامادە دەکات.
 
کۆڤاچ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکەدا دەڵێ، هەموو یاریزانەکان ئامادەن، بەیولیان براندتیشەوە کە بەسەر دەستیدا بەربووبووەوە، بەڵام ئێستا باشە.
 
ئەو راهێنەرە رایگەیاندووە، کەشەکە زۆر گەرمە، بۆ یارییەکەی ئەمجارەی ئێمەش زۆر گەرم دەبێت، "دەبێت کۆنترۆڵی تۆپ بکەین بۆ ماوەیەکی درێژ، چونکە راکردن بەدوای تۆپدا، وزەیەکی زۆرمان لێدەبات کە پێویست ناکات وابکەین".
 
ئەو راهێنەرە دووپاتیکردووەتەوە تیپە ئەورووپییەکان، لەگەڵ کەشی گەرمی پاڵەوانێتییەکەدا رانەهاتوون، هەر بۆیە کەشەکە لە دژی ئەوانە.
 
راهێنەری دۆرتمۆند ئاماژەی بەئەگەری بەشداریکردنی جوب بێلینگهامی یاریزانی نوێی تیپەکەی لەسەرەتای یارییەکەوە کردووە و دەڵێ، بەربژێری سەرەکییە بۆ یارییکردن بەشێوەی سەرەکی، ئەو چەند رۆژێکە لەگەڵمانە و پێویستی بەگونجان و شارەزابوون هەبوو، ئێستا ئامادەیە و یاریزانی دیکەشمان هەن، لەبەرئەوە بڕیارەکە بەکراوەیی دەهێڵمەوە.
 
کۆڤاچ دووپاتیدەکاتەوە کە دۆخی پاڵەوانێتییەکە تیپەکان ناچار بەگۆڕانکاری دەکات، ئەو دەڵێ، ئەستەمە یاریزانێک هەبێت لە یەکەم تاوەکو دوایین یاریی بەشداری بکات، تەنانەت دەکرێ گۆڵپارێزەکانیش بگۆڕین.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، ئەمە مانای ئەوەیە کە بابەتەکە پەیوەندی بەبەدەستهێنانەوەی چالاکی و وزەوە هەیە، کام یاریزانە دەتوانێت بەرگەی کەشەکە بگرێت، ئەو ئامادەترە، ئێمە ناچاربووین لە خولەکی 60 یاریزان بگۆڕین، دەبێ کوالیتییەکە بەرز بهێڵینەوە و هەوڵی بردنەوە بدەین.
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند لە یاریی یەکەمیدا لە مۆندیالی یانەکان، لە کۆمەڵەی شەشەم لەگەڵ فلۆمینێنسی بەرازیلی بەبێ گۆڵ یەکسانبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە